راوێژکاری خامنەیی: ئیسرائیل بە بۆردومانکردنی لوبنان مێزی دانوستانەکانی سووتاند

محەمەد موخبیر، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، "دوژمن" بە بۆردومانکردنی لوبنان مێزی دانوستانەکانی سووتاندووە و هۆشداریشی دا کە بە دڵنیاییەوە باجێکی گران و بەئازار لەبەرانبەر ئەم دەستدرێژییە دەدەن.

یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، محەمەد موخبیر، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل بە بۆردومانکردنی لوبنان لە کاتی ئامادەبوونی ناوبژیوان لە ئێران، بۆ سێیەمجار مێزی دانوستانەکانی سووتاندووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لە هەموو گۆڕەپانەکاندا.

محەمەد موخبیر دەڵێت: "ئێمە بە زمانی هێز لەگەڵ پەیمانشکێنان دەدوێین؛ سەنگەری بەرگری یەک جەستەیە و بە دڵنیاییەوە لە مەیداندا وەڵامێکی توند و بەئازاریان دەبێت."

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن، زاحیەی باشووری بەیروت رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی توندی ئیسرائیل بووەوە، کە بە فەرمانی راستەوخۆی بنیامین ناتانیاهۆ و یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەنجامدرا.

هاوکات، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، دووپاتی کردەوە کە تاران وەڵامی ئەم هێرشە دەداتەوە و بەڵێنی وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوەی د، رەزایی ئاماژەی بەوەش کرد دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت ئەمشەو چی لە ئاسمانی "ناوچە داگیرکراوەکان" روودەدات.