پارێزگاری هەولێر: هەوای هەولێر بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پاک بووەتەوە
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، بەهۆی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی، هەوای هەولێر بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پاک بووەتەوە و لیژنەی باڵای پاراستنی ژینگەش بڕیاری داوە توندترین رێکار بەرانبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر، کە دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەولێر لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.
ئومێد خۆشناو لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، پاكڕاگرتنی ژینگە بەشێکی دانەبڕاوە لە تەندروستیی گشتی و پاراستنی سروشتی کوردستانیش ئەمانەتێکی مێژوویی و بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە لەسەر شانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە.
پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر دەستکەوتە ژینگەییەکانی هەولێری پایتەخت و گوتی، بە پاڵپشتیی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەهۆی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک "پشتێنەی سەوزایی" و "پڕۆژەی رووناکی"، هەنگاوی گەورە نراوە.
ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەنجامی بڕیار و رێنماییەکان بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، لە ئێستادا هەوای هەولێری پایتەخت بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پاک بووەتەوە و کوالێتییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە دیاردەی فڕێدانی پاشماوە لەلایەن بەشێک لە گەشتیاران و هاووڵاتییانەوە کرا لە شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان. بۆ ئەو مەبەستە، لیژنەکە بڕیاری دا، وێڕای بەردەوامیدان بە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان، توندترین رێکار لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە هۆکارن بۆ پیسکردنی ژینگە.