ئێران یەکەم داهاتی باجی گەرووی هورمزی وەرگرت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، حەمید ڕەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی کردووە بە وەرگرتنی باج لەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن و یەکەم بڕی پارەی ئەو باجانەش خراوەتە سەر هەژماری بانکی ناوەندی ئێران.
حاجی بابایی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا رایگەیاند، "گەرووی هورمز موڵکی گەلی ئێرانە و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەردەکەین، پێویستە هەموو ئەو کەشتیانەی بەم رێڕەوەدا تێپەڕ دەبن، باجەکەی بە 'تومەنی ئێرانی' بدەن."
هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئەمریکا لەسەر سیاسەتەکانی بەردەوام بێت، رێگە نادەین هیچ کەشتییەک بەو گەرووەدا تێپەڕ بێت.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی ئێستا لە پێگەی زلهێزەکاندایە و گوتی: "ئێران تەنیا هێزە کە هەزاران مووشەکی ئاڕاستەی کەشتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان کردووە."
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش رایگەیاند، هەر جۆرە دانوستانێک قەدەخەیە مەگەر ئەوەی ئەمریکا بە فەرمی دان بە شکستی خۆیدا بنێت، دەشڵێت، ئێستا ئەمریکا خۆی داوای درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حاجی بابایی هەڕەشەی توندی ئاڕاستەی هەندێک وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: "ئەو وڵاتانەی فڕۆکەخانە و هوتێلەکانیان دەخەنە خزمەت تێرۆریستان بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتییەکانی ئێران، پێویستە لە یەک کاتدا فڕۆکەخانە، هوتێل و فەرمانڕەواکانیان بکرێنە ئامانج."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، کە %20ـی نەوت و %35ـی گازی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت، کۆنترۆڵکردنی ئەم شوێنە و وەرگرتنی باج، سەلمێنەری رۆڵی کاریگەری ئێرانە لە ئابووری نێودەوڵەتیدا.