ترەمپ: کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمزمان لەدەستە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، فەرمانی بە هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی کردووە هەر بەلەمێک کە هەوڵی مینڕێژکردنی گەرووی هورمز بدات تێکبشکێنن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ئێران بە مەبەستی کردنەوەی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" بڵاویکردەوە، "فەرمانم بە هێزی دەریایی ئەمریکا کردووە هەر بەلەمێک مین لە گەرووی هورمز مین بچێنێت تێکی بشکێنن، گرنگ نییە چەندە بچووک یان گەورە بێت".
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا جەختی لە توندوتیژی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە کردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، "نابێت هیچ دوودڵییەک لە جێبەجێکردنی ئەم فەرمانەدا هەبێت، کەشتییە مین لابەرەکانی ئەمریکا سەرقاڵی پاککردنەوەی گەرووەکەن و هەروەها کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمزمان لەدەستە"
ئەم بڕیارە نوێیەی ترەمپ لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران دێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاند کە ئەمریکا کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمزی کردووە و تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ، رێگە بە هاتووچۆی کەشتییەکان نادەن.