ترەمپ: کات تێدەپەڕێت و لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا هەڵدەکوتێتە سەر دوو دامەزراوەی میدیایی وڵاتەکەی و بە شکستخوارد و بڵاوکەرەوەی هەواڵی ساختە ناویان دەبات و دەڵێت: " پێیان وایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران زۆر پەرۆشم، دڵنیابن هیچ فشارێکم لەسەر نییە، بەڵام کات لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە".

پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، ترەمپ لە تروس سۆشیالی خۆی، پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: "بۆ ئەوانەی ئێستا ژمارەیان کەمترە لە هەموو کاتێک کەمترە، کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو دەخوێننەوە، یان سەیری کەناڵی هەواڵە ساختەکانی سی ئێن ئێن دەکەن و پێیان وایە من بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ زۆر پەرۆشم (ئەویش ئەگەر ناوی بنێن جەنگ!) بەرانبەر بە ئێران".

هەروەها دەڵێت: "دڵنیابن، رەنگە لەو کەسانە بم کە تاوەکوو ئێستا لەم پێگەیەدا کەمترین فشارم لەسەر بێت. چونکە هێندەی هەموو جیهان کاتم لەبەردەستدایە، بەڵام ئێران نیەتی و کاتی لەبەردەم نامێنێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە، بەشێک لە میدیاکان کار لە سەر راکێشانی سەرنجی خوێنەر و بینەری لاواز و بێ توانان، بۆیە چیدیکە جێی بایەخ نین".

دەشڵێت: "هێزی دەریایی ئێران ئێستا لە قوڵایی دەریادا نقووم بوون، هێزی ئاسمانیان وێران کراوە، سیستەمی بەرگری و راداریان نەماوە، سەرکردەکانیشیان کوژراون، گەمارۆکی توند و قورسیان بەسەردا سەپێندراوە، دۆخەکە خراپتر دەبێت، بۆیە کات لە بەرژەوەندیاندا نییە".

هەروەها نووسیویەتی: "تەنیا کاتێک رێککەوتن دەکرێت کە بۆ ئەمریکا، هاوپەیمانەکانمان و جیهان گونجاو و باش بێت".