ئیسرائیل بنکەکانی حزبوڵڵای لە باشووری لوبنان بۆردومان کرد

وێنەکە(ئەرشیفە)
وێنەکە(ئەرشیفە)

سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی حزبوڵڵا لە ناوچەکانی "خربەت سەلم" و "تولین" لە باشووری لوبنان ئەنجامدا. ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ دێن بۆ ئەو مووشەکانەی شەوی ڕابردوو لە لایەن حزبوڵڵاوە ئاڕاستەی ناوچەی "شلومی" لە باکووری ئیسرائیل کرابوون.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە هێزە ئاسمانییەکانیان چەندین باڵەخانەی سەربازیی سەر بە "رێکخراوی تیرۆریستیی حزبوڵڵا"یان لە ناوچەکانی باشووری لوبنان تێکشکاندووە. بەپێی بەیاننامەکە، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، لە لایەن حزبوڵڵاوە بۆ داڕشتنی پیلان و هێرش دژی هێزەکانی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیل بەکارهێنراون.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو چەند مووشەکێک لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەی "شلومی" لە باکووری ئیسرائیل کران. سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانەی ئەمڕۆ وەڵامێکی راستەوخۆ بووە بۆ ئەو مووشەکبارانە.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە "سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە کارکردن بە پێداگرییەوە دژی ئەو هەڕەشانەی کە ڕوو لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل و هێزەکانی سوپا دەکرێن، هەموو ئۆپراسیۆنەکانیش بەپێی ڕێنماییەکانی ئاستی سیاسیی وڵاتەکە ئەنجام دەدرێن."

هاوکات ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگی لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، مایک هەکەبی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل و میشێل عیسا باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان ئامادە بوون.

ترەمپ رایگەیاند، کۆبوونەوەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و ئەمریکا پابەندە بە هاوکاریکردنی حکوومەتی لوبنان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی لە بەرانبەر حزبوڵڵادا. وەک دەرەنجامی کۆبوونەوەکەش، بڕیار درا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە درێژ بکرێتەوە.