ئێران: داوا لە وڵاتانی کەنداو دەکەین لە سیاسەتی تاکلایەنانە دوورکەونەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی کۆمکاری عەرەبی دەداتەوە و جەختدەکاتەوە هێرشەکانیان لە چوارچێوەی بەرگریکردن بووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی وڵاتەکەی رەتکردەوە و داواش دەکات وڵاتانی ئەندام نەکەونە ژێر کاریگەری سیاسەتی تاکلایەنانە.

 جەختیشدەکاتەوە، ئێران پابەندە بە پرەنسیپەکانی پەیماننامەی شەرەفی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و پەنانەبردن بۆ بەکارهێنانی هێز.

 وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاندووە، هەنگاوە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی دژی دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێکی کەنداو، لە چوارچێوەی مافی رەوای بەرگریی لەخۆکردنە.

ئەم وەڵامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات کە ئەنجوومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیران، رۆژی سێشەممە رابردوو هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێرانیان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە سەرکۆنە کردبوو.