رۆژنامەیەکی یۆنانی رێزنامەیەک تایبەت ئاراستەی نووسەری کورد ئاراس سەعید دەکات
دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی کولتووریی فەرێترای یۆنانی، لە رێزنامەیەک فەرمیدا بە زمانەکانی یۆنانی و ئینگلیزی، رێز و پێزانینی قووڵی خۆیان بۆ نووسەر و لێکۆڵەری کورد ئاراس سەعید دەربڕی. رۆژنامەکە ناوبراو بە یەکێک لە پێنووسە هەرە دیارەکانی بڵاوکراوەکەیان وەسف دەکات، کە توانیویەتی لە ڕێگەی فەلسەفە و میدیا تیۆرییەوە، ببێتە پردێکی هزری لە نێوان کولتووری کوردی و ئەکادیمیای ئەوروپیدا.
ئاراس سەعید، نووسەر و توێژەرێکی دیاری بواری میدیا و فەلسەفەیە، لە رێگەی وتار و لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی نامۆبوون، فەلسەفە و ئاڵنگارییەکانی مرۆڤ لە سەردەمی دیجیتاڵدا، توانیویەتی دەنگدانەوەیەکی گەورە لە ناو خوێنەرانی یۆنانیدا دروست بکات. دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی فەرێترا ئاماژە بەوە دەدەن، وتارەکانی ئەم نووسەرە کوردە بە پەرۆشییەکی زۆرەوە چاوەڕوان دەکرێن، چونکە توانیویەتی جەوهەری دیالۆگی سۆکراتی لە دیدگایەکی کوردیی ناوازەوە بۆ تێگەیشتن لە تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ زیندوو بکاتەوە.
رۆژنامە یۆنانییەکە جەختی لەسەر توانای ناوازەی ئاراس سەعید کردووەتەوە لە پێشکەشکردنی رەخنەی فەلسەفی بۆ زیرەکیی دەستکرد و ئامادەیی ئەو وەک هۆکارێک دەبینن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گفتوگۆ هزرییەکان کە هەم بۆ ئێستا و هەم بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی بایەخی زۆری هەیە.
ئاراس سەعید، خاوەنی پەرتووکێکی چاپ کراوە لە بواری میدیا تیۆری و زیرەکیی دەستکرد لە ژێر ناونیشانی "بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە"، کە تێیدا بە دیدێکی فەلسەفی قووڵ شیکاری بۆ گۆڕانکارییەکانی جیهانی تەکنۆلۆژیا دەکات.
ئەم رێزنامەیەی رۆژنامەی فەرێترا، وەک دانپێدانانێکی نێودەوڵەتییە بە توانای پێنووس و هزری ئەم نووسەرە کوردە لە یۆنان، کە بە لانکەی فەلسەفەی رۆژئاوایی دادەنرێت.