تاران و ئیسلامئاباد دۆخی ئاگربەست و نێوەندگیرییەکانی پاکستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا تاوتوێ دەکەن
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی جیادا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی پاکستان، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی ئاگربەستی تاوتوێ کرد. لەو پەیوەندییانەدا، تاران ستایشی رۆڵی ئەرێنیی ئیسلامئابادی کرد بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و واشنتن.
هەینی 24ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، محەممەد ئیسحاق دار، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە لایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشتووە. لەم گفتوگۆیەدا، هەردوولا بیروڕایان گۆڕیوەتەوە سەبارەت بە پەرەسەندنە ناوچەییەکان، پرسی ئاگربەست و ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامانەی کە پاکستان لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا ئەنجامیان دەدات.
ئیسحاق دار لە پەیوەندییەکەدا جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بە ئامانجی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا لە زووترین کاتدا. لای خۆشییەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی رۆڵی پاکستان وەک ئاسانکارێکی کارا و بنیاتنەر لەم قەیرانەدا کردووە.
هاوکات، میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە عێراقچی جگە لە وەزیری دەرەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی جیاشی لەگەڵ عاسیم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان ئەنجامداوە. لەو گفتوگۆیە سەربازییەشدا پرسی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و بابەتەکانی پەیوەست بە ئاگربەست بە وردی تاوتوێ کراون.
لەم پەیوەندییانەدا، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان تاران و ئیسلامئاباد بەردەوام بێت، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەدا پاکستان وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان ئیدارەی ترەمپ و حکوومەتی تاراندا دەردەکەوێت.