نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ خوار 4700 دۆلار دابەزی
لە دەرئەنجامی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکان و چەقبەستوویی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کە مەترسییەکانی هەڵاوسانی زیاتر کردووە، بازاڕی کانزا گرانبەهاکان گورزێکی بەرکەوت و نرخی زێڕ پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
ئەمڕۆ هەینی، 24ـی نیسانی 2026، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان پاشەکشەی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کە بووەتە هۆی زیاتربوونی مەترسییەکان لە هەڵاوسان و پێشبینییەکانی مانەوەی رێژەی سوودی بانکی بە بەرزی بۆ ماوەیەکی درێژتر، کە هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەقبەستوویی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
بە پێی زانیارییەکان، لە مامەڵە خێراکانداندا، رخی زێڕ بە ڕێژەی 0.11% دابەزی و گەیشتە 4689.50 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هەروەها ئەم کانزا گرانبەهایە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بە رێژەی 3% لە بەهاکەی لەدەست داوە، ئەوەش پاش ئەوەی بۆ ماوەی چوار هەفتەی لەسەریەک قازانج و بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو.
لەلایەکی دیکەوە، گرێبەستە ئاییندەییەکانی ئەمریکا بۆ زێڕ کە بڕیارە لە مانگی حوزەیراندا رادەست بکرێن، بە ڕێژەی 0.41% دابەزین و گەیشتنە 4704.66 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
سەبارەت بە کانزا گرانبەهاکانی دیکەش، ئەوانیش بێبەش نەبوون لەم پاشەکشەیە؛ نرخی زیو لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.5% دابەزی و گەیشتە 75.07 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، هەروەها پلاتین بە رێژەی 0.7% بەهاکەی لەدەست دا و دابەزی بۆ 1991.72 دۆلار، لە کاتێکدا کانزای پلادیۆم بە پێچەوانەی ئاراستەی بازاڕەوە بە رێژەی 0.1% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 1469.04 دۆلار.