عێراقچی سەردانی پاکستان و عوممان و رووسیا دەکات
وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و پتەوکردنی هاوبەشییە ستراتیژییەکان، سەردانی ئیسلام ئاباد، مەسقەت و مۆسکۆ دەکات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەستپێکردنی گەشتە دیپلۆماسییەکانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی "دراوسێیەتی" لە پێشینەی کارنامەی وەزارەتەکەیاندایە.
هەینی، 24ـی نیسانی 2026، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: گەشتەکەم هەر یەکە لە؛ شارەکانی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەی عوممان و مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەگرێتەوە.
هاوکات دەڵێت: ئامانجی سەرەکی گەشتەکەم بریتییە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئەنجامدانی راوێژی چڕ لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانی ئێران سەبارەت بە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، تاران گرنگییەکی تایبەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات و ئەم پرسەش لە پێشینەی کارەکانی وڵاتەکەیە.
هەر ئەمڕۆ میدیاکانی پاکستان لە زاری سەرچاوەیەک لە حکوومەتی وڵاتەکەی بڵاویان کردەوە، بڕیارە ئەمشەو عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە یاوەریی شاندێک بگاتە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.