نزیکەی نۆ هەزار کۆمپانیا هاوکاریی بەرگریی ئێران دەکەن
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت "لەلایەن پیشەسازیی سەربازییەوە، توانای دروستکردنی زیاتر لە هەزار جۆری جیاوازی چەک و پێداویستییەکانی جەنگمان هەیە".
شەممە 25ی نیسانی 2026، رەزا تەلایی نیک گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی فارسی گوتووە" ئێستا زیاتر لە هەزار جۆر چەک، کە بریتین لە مووشەک، درۆن، سیستەمی بەرگری و چەندین پارچە چەکی جۆراوجۆر، بە مۆرکی رەسەن و زانستی ئێرانی لەلایەن هێزە چەکدارەکان و وەزارەتی بەرگری و کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی سەر بە پیشەسازی سەربازیی لەناوخۆی ئێران دروست دەکەین".
ئاماژەیداوە، ئەم توانایە، بەرهەمی زیاتر لە 25 ساڵ ئەزموونی وەبەرهێنانە لە پیشەسازی بەرگریدا؛ دەڵێت "بە شێوەیەک کارەکان رێکخراون، تەنانەت لە ئەگەری زیانگەیاندن بە هەندێک ناوەند، پرۆسەی بەرهەمهێنان و پشتیوانی بە شێوەیەکی دیار و نەبینراو لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوام دەبێت".
رەزا تەلایی نیک ئاشکرای کردووە، نزیکەی نۆ هەزار کۆمپانیا هاوکاریی هێزە چەکدارەکان و وەزارەتی بەرگری دەکەن بۆ پیشەسازی سەربازیی.
بە قسەی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران، لەم دۆخەی ئێستای وڵاتەکەی تێیکەوتووە، زیاتر لە 30 ملیۆن کەس لە هەڵمەتی بەرگریی ناویان تۆمارکردووە. ئەمەشی بە نموونەیەکی ناوازەی جەماوەریی لە ئاستی جیهاندا ناوبردووە.
لەبارەی گەرووی هورمز، تەلایی نیک دەڵێت "گەرووی هورمز لە ژێر ئیدارەی ژیرانە و بەهێزی ئێراندایە و بووەتە ترۆپکی کۆنترۆڵ بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکانی نەتەوەی ئێران، بەجۆرێک کە هێزەکانی دوژمن لە دەریای عومان چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج و لە ژێر فشاری هێزدا پاشەکشەیان کردووە".