چەند فڕۆکەخانەیەکی ئێران خرانەوە کار
بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی ئێران کرانەوە و دەستیان بە گەشتە ئاسمانییەکان کردەوە، بڕیاریشە ئەو فڕۆکەخانانەی بەهۆی جەنگەوە زیانیان پێگەیشتووە، کە فڕۆکەخانەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی تێدایە، لە قۆناخی داهاتوودا، هەنگا و بە هەنگاوە بخرێنەوە خزمەتی گەشتە ئاسمانییەکان.
محەمەد ئەمیرانی لە کۆمپانیای فڕۆکەخانە و گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران ئەمڕۆ شەممە 25ی نیسانی 2026، بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاند "لەم قۆناخەدا فڕۆکەخانەی پارێزگاکانی مەشهەد، زاهیدان، کرمان، یەزد و بیرجەند گەشتە ئاسمانییەکانیان بە هەردوو ئاراستەی چوون و هاتن، دەستپێکردەوە".
هەروەها ئاماژەیداوە، لە فڕۆکەخانەکانی تەوێز، کرماشان، ئەهواز، ورمێ، ئیلام، ئابادان، ئیسفەهان، شیراز و رەشت لەگەڵ فڕۆکه خانەی مێهرئابادی تاران، بە سنوورداری چالاکییەکانیان دەستپێدەکەنەوە.
بە گوتەی ئەمیرانی، ئەم هەنگاو و رێکارانەی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی جێبەجێی دەکەن، پەیوەستە بە توانا تەکنییەکان و لەبەرچاوگرتنی سەلامەتی گەشتیاران.
لە بارەی زیانەکانی بە ژێرخانی گەشتە ئاسمانییەکان کەوتووە، گوتی "راوێژکارییەکان لەگەڵ هێڵە ئاسمانییە بیانییەکان دەستیپێکردووە بۆ روونکردنەوەی دۆخی رێگاکان و رێکخستنی گەشتە ترانزێتیەکان؛ لەگەڵ ئەوەشدا زیادکردنەوەی گەشتەکان هەنگا و هەنگاو و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تەکنیکی و سەقامگیری وڵات و دڵنیابوونەوە، جێبەجێ دەکرێن".

لە جەنگی 40 رۆژەدا، کە لە 28ی شوباتەوە تا 8ی نیسانی 2026 بەردەوام بەردەوام، حەوت فڕۆکەخانەی سەرەکی ئێران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆمباران کران، لەوانە مێهرئابادی تاران، تەورێز، ئەهواز، کاشان، ورمێ، خورەمئاباد، کرمان لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی بەهرام و مەشقی تاران کەوتنە بەر هێرشەکان و بەهۆیەوە رێڕەوی نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکەخانەکان و تاوەرەکانی چاودێری و کۆنترۆڵ، زیانی زۆریان پێگەیەندرا.
هەر بە گوێرە ئامارە نافەرمییەکانەوە، لەو جەنگەدا لە کۆی 321 فرۆکەی مەدەنی، 40 فڕۆکە تێکشکێندران، ئەمەش بە گورزێکی گەورەی زیانەکانی ژێرخانی کەرتی گەشتیاری ئاسمانی ئێران هەژمار دەکرێت.