ترەمپ گەشتی شاندی ئەمریکای بۆ پاکستان هەڵوەشاندەوە
سەرۆکی ئەمریکا گەشتی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەری بۆ پاکستان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، پێویست ناکات تیمەکەم 18 کاتژمێر گەشت بکەن بۆ قسەی بێسوود لەگەڵ ئێران، ئاماژەشی دا، ئێرانییەکان دەتوانن هەر کاتێک بییانەوێت پەیوەندیمان پێوە بکەن.
شەممە 25ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی کتوپڕدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، بە شێوەیەکی تاکلایەنە گەشتی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەری بۆ پاکستان هەڵوەشاندووەتەوە. ئەم شاندە بڕیار بوو بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئێرانییەکان بچنە ئیسلام ئاباد، بەڵام ترەمپ پێی وایە واشنتن لە پێگەیەکی بەهێزدایە و پێویست بەو گەشتە ناکات.
ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فۆکس نیوز، وردەکاریی بڕیارەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "کەمێک پێش ئێستا بە تیمەکەمم گوت، کاتێک خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ بەڕێکەوتن، پێم گوتن 'نەخێر'، ئێوە گەشتێکی 18 کاتژمێری بۆ ئەوێ ئەنجام نادەن."
ترەمپ باسی لەوەش کردووە، "ئێمە هەموو کارتەکانی گوشارمان لەدەستدایە. ئێرانییەکان دەتوانن هەر کاتێک بییانەوێت پەیوەندیمان پێوە بکەن، بەڵام ئێوە چیتر گەشتی 18 کاتژمێری ناکەن تەنیا بۆ ئەوەی لەوێ دابنیشن و قسەی بێسوود بکەن."
هەروەها ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی جیادا بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاند، بە شێوەیەکی تاکلایەنە گەشتی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەری بۆ ئیسلامئاباد هەڵوەشاندووەتەوە، کە بڕیار بوو لەوێ لەگەڵ ئێرانییەکان کۆببنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیشی کردووەتەوە، هیچ مانایەک نابینم لەوەی شاندەکەمان بۆ گەشتێکی 18 کاتژمێری بنێرم لە کاتێکدا دۆخی دانوستانەکان بەم شێوەیەیە، ئاشکراشی کرد، دەتوانین دانوستان لە رێگەی تەلەفۆنەوە بکەین. ئێرانییەکان ئەگەر بیانەوێت دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن؛ گوتیشی: "ئێمە ناچین بۆ ئەوەی تەنیا لەوێ دابنیشین."
سەبارەت بەوەی ئایا هەڵوەشاندنەوەی گەشت شاندی دانوستانکار بۆ پاکستان بە واتای دەستپێکردنەوەی جەنگ دێت لە وەڵامدا ترەمپ گوتی: نەخێر، بەو واتایە نایەت. هێشتا بیرمان لەوە نەکردووەتەوە."
ئەم بڕیارەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و نێوەندگیرییەکانی پاکستان بۆ نزیککردنەوەی تاران و واشنتن گەیشتبوونە قۆناغێکی هەستیار.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ عەباس عێراقچی، بە سەردانێکی فەرمی گەشتە ئیسلامئاباد، ئەمڕۆ بەبێ ئەوەی چاوەڕێی شاندی ئەمریکا بکات ئیسلامئابادی بجێهێشت؛ بڕیاریشە دوای سەردانی هەر یەکە لە رووسیا و عوممان بکات.
هەروەها هەر دوێنێ کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندبوو، "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە سبەی هەر یەکە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کوشنەر، گەورەراوێژکاری ترەمپ سەردانی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەکەن".