عێراقچی، مەرجەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئاشکرا دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران پاش سەردانەکەی بۆ پاکستان، گومانی وڵاتەکەی لە جدییەتی ئەمریکا بۆ چارەسەری دیپلۆماسی راگەیاند و ئاشکرای کرد، تارانیش چوارچێوەیەکی کرداریی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بە یەکجاری کۆتایی بە جەنگی سەر وڵاتەکەی بهێنێت.

شەممە، 25ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی سەردانەکەی بۆ ئیسلام ئاباد کردووە و گوتی: "سەردانێکی زۆر بەرهەمدارم بۆ پاکستان ئەنجام دا، ئێمە هەوڵە برایانەکانی ئەو وڵاتە بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکەمان بەرز دەنرخێنێن".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عێراقچی تیشکی خستووەتە سەر کرۆکی گفتوگۆکانی و رایگەیاندووە: "لە میانی دیدارەکانمدا، هەڵوێستی ئێرانم سەبارەت بە چوارچێوەیەکی کرداری بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی جەنگ خستە روو."

عێراقچی گومانی قووڵی وڵاتەکەی لە هەڵوێستەکانی واشنتن بۆ چارەسەری قەیرانەکان نەشاردووەتەوە و دەڵێت: "هێشتا ماوە بزانین و ببینین کە ئایا ئەمریکا بەڕاستی لە بژاردەی دیپلۆماسیدا جدییە یان نا."

دوێنێ هەینی 24ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیسلام ئاباد و، ئەمڕۆش چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان ئەنجامدا، دواتر ئەو وڵاتەی بەرەو مەسقەتی پایتەختی عوممان جێهێشت.