پاکستان: پابەندین بە بەردەوامیی هەوڵەکانمان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا

وەزیری دەرەوەی پاکستان، جەختی لە بەردەوامیی پابەندبوونی ئیسلام ئاباد بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.

یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لە قووڵایی دڵمەوە سوپاسی ئارامگری و هاوکاریی گەلی پاکستان بەگشتی و هاووڵاتییانی شاری ئیسلام ئاباد بە تایبەتی دەکەم."

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەیدا، وەزیری دەرەوەی پاکستان، جەختی لە ستراتیژییەتی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری کردەوە و گوتی: پابەندین بە بەردەوامیی هەوڵەکانمان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

دوێنێ شەممە، 25ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا عێراقچی، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجامدا و مەرجەکانی ئێرانی بۆ مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا پێ گەیاندن.

پێشتر لە 11ـی ئەم مانگەدا، ئیسلام ئاباد میوانداریی یەکەمین گەری دانوستانە راستەوخۆکانی کرد لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام نەتوانرا بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کە لێکەوتەکانی باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا کێشاوە.