تەندروستیی لوبنان: لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا نزیکەی 3 هەزار کەس کوژراون
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، ئێوارەی یەکشەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، 14 کەس کوژران و 37 دیکەش بریندار بوون، ئەمەش سەرەڕای بوونی رێککەوتنی ئاگربەست کە لەم دواییانەدا لە نێوان هەردوولادا درێژکرابووەوە.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیی وەزارەتەکەدا هاتووە: "هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان لە رۆژی یەکشەممەدا، بووەتە هۆی کوژرانی 14 کەس کە لە نێوانیاندا دوو منداڵ و دوو ژن هەن، هەروەها 37 کەسی دیکەش بریندار بوون 3یان ژنن."
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێکی خۆی بە پلەی "رەقیب" و برینداربوونی 6 سەربازی دیکەی (کە یەکێکیان ئەفسەرە) لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان راگەیاند.
پێشتر میدیاکانی لوبنان ئاماژەیان بەوە کردبوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی باشوور، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەی بۆ دانیشتووانی 7 گوندی باکووری رووباری لیتانی دەرکرد، بەو بیانووەی حزبوڵڵا رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە.
سەبارەت بە کۆی ئاماری قوربانییەکان، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاشکرای کرد، لە دەستپێکی پەرەسەندنی هێرشەکان لە 2ـی ئادارەوە تاوەکو 26ـی نیسانی ئەمساڵ، ژمارەی قوربانیانی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە 2509 کوژراو و 7755 بریندار.