حوسێن عەنکوشی پەرلەمانتاری عێراق بۆ کوردستان24: عەلی زەیدی دەبێتە کاندیدی سەرۆکوەزیران
پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای کرد عەلی زەیدی زۆرینەی دەنگەکانی ناو چوارچێوەی بەدەستهێناوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە لایەن سەرۆککۆمارەوە بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێردرێت
دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، حوسێن عەنکوشی، پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "کوردستان24" رایگەیاند، عەلی زەیدی بە بەدەستهێنانی 12 دەنگی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بە فەرمی بووەتە کاندیدی ئەو هاوپەیمانێتییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران.
عەنکوشی ئاماژەی بەوەش کرد، هەنگاوەکان خێرا کراون و بڕیارە هەر ئەمڕۆ عەلی زەیدی لە لایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە مەرسوومی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت پێ بدرێت.
هاوکات، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە کە بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە کۆتایییە، ئێستا کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە ماڵی فالح فەیاز بەڕێوەدەچێت. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەممەد شیاع سوودانی ئامادەن، تاوەکو دوایین وردەکارییەکانی رێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی عەلی زەیدی و پشتگیریکردنی لە ناو پەرلەماندا تاوتوێ بکەن.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی دوای زیاتر لە دوو مانگ کۆبوونەوە، دواجار بە زۆرینەی دەنگ لەسەر کاندیدی کردنی عەلی زەیدی ڕێککەوتن
گوتیشی: عەلی زەیدی نزیکە لە محەممەد شیاع سودانی، هاوکات ئەمیر زەیدی باری، سەرۆکی نووسینگەی سوودانییە.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، عەلی زەیدی، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان هەیە، کەسێکی بازرگان و سەرمایە دارە.
عەلی زەیدی کێیە؟
لە دایکبووی ساڵی 1978 لە بەغدا
هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای گشتی - بەشی یاسای دەستووری
بە کەسایەتییەکی سەربەخۆ و تەکنۆکرات ناسراوە، هەرچەندە ئەندامی هیچ حزبێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نییە، بەڵام بە جێی متمانەی زۆربەی سەرکردەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە وەک کاندیدێکی بێ لایەن دادەنرێت.
هەروەها خاوەنی کەناڵی دجلە و زنجیرە مارکێتەکانی هایپەر مارکێتە و بانکی جنوبی ئیسلامییە،بانکەکە، لە ساڵی 2024 خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا، بە تۆمەتی ئەوەی پارەی سپی کردووەتەوە و رەوانەی ئێرانی کردووە