دەم پارتی هۆشداری لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دەدات
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاند، مانگی داهاتوو دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ پرۆسەی ئاشتی و چاوەڕوان دەکرێت لە پەرلەمانەوە هەنگاوی یاسایی و بەرچاو بنرێن بۆ گەڕانەوەی کادیرانی پەکەکە بۆ ناو کاری رامیاری و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و قەییوومەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، مانگی ئایاری داهاتوو دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ پرۆسەی چارەسەری و چاوەڕوان دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتانەی پێشکەشی پەرلەمان کراون، چەندین گۆڕانکاری و هەنگاوی یاسایی بنرێن.
محەممەد کاماچ ئاماژەی بەوە کرد، دوای بڕیاری دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، پێویستە حکوومەت بواری یاسایی بۆ گەڕانەوەی کادیرانی ئەو رێکخراوە بۆ ناو کاری رامیاری بڕەخسێنێت و کۆتایی بە دۆخی نایاسایی قەییوومەکان و گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بهێنێت.
پەرلەمانتارەکە جەختی لەوەش کردەوە، دواکەوتنی هەنگاوەکان بووەتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی، بۆیە داوای کرد لەم مانگەدا هەنگاوی بەرچاو بۆ ئازادکردنی کەسایەتییە رامیارییە زیندانیکراوەکان بنرێت.
هاوکات بڕیارە شاندێکی باڵای دەم پارتی لە ئەنقەرە دەست بە زنجیرەیەک چاوپێکەوتن بکات بە ئامانجی خێراکردنی پرۆسەکە و دەستەبەرکردنی پشتگیرییە یاساییەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراسی.
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد، کاتێک داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات.
لە سەرەتای ساڵی 2025ـدا، پەکەکە بە فەرمی ئاگربەستی راگەیاند و دواتر بڕیاری چەکدانانی دا. بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکەش لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە ناوی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێنرا.
سەرەڕای ئەوەی پەکەکە بڕیاری چەکدانانی داوە، بەڵام دەم پارتی و لایەنە کوردییەکان رەخنە لە خاوی حکوومەت دەگرن لە جێبەجێکردنی هەنگاوە یاساییەکان. داواکارییە سەرەکییەکانی دەم پارتی بریتین لە کۆتاییهێنان بە سەپاندنی قەییووم بەسەر شارەوانییەکاندا، ئازادکردنی زیندانییە رامیارییەکان، هەروەها دیاریکردنی پێگەیەکی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ ناو ژیانی مەدەنی.