وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: ترەمپ بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم لکاندنی کەرتی رۆژئاوا

وێنە؛ ئەرشیف
وێنە؛ ئەرشیف

جدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاند؛ دژایەتییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ پرۆسەی لکاندنی کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو، تەنیا بەربەستە لەبەردەم حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ دەستپێکردنی ئەو هەنگاوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، جەدعۆن ساعر لە میانی کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵەی "دۆستانی لیکۆدی ئەمریکی" کە دوێنی سێشەممە بەڕێوەچوو، رایگەیاندووە: "سەپاندنی سەروەری بەسەر کەرتی رۆژئاوادا تەنیا پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە، بەڵام وەک دەزانن سەرۆک ترەمپ ئێستا پشتگیری لەو هەنگاوە ناکات."

جەدعۆن ساعر ئاماژەی بەوەش کردووە، ترەمپ لە چەندین بۆنەی جیاوازدا جەختی کردووەتەوە، رێگە بە ئیسرائیل نادات کەرتی رۆژئاوا بلکێنێت. ناوبراو گوتیشی: "لە مانگەکانی داهاتوودا هیچ نیازێکمان بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە نییە، چونکە لەگەڵ رێبازی ترەمپ ناگونجێت و دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی زۆرێک لە هاوپەیمانەکانمان."

لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینییە و ئێستا لەسەر زەوی "پێشکەوتنی بەرچاو" لە دروستکردنی یەکە نیشتەجێبوونەکاندا بەدیهاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم سیاسەتەی ئیسرائیل یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وەک دانپێدانانێکی فەرمی و باڵای ئیسرائیل دادەنرێت، هۆکاری پاشەکشەی ئێستای تەلئەڤیڤ لە لکاندنی کەرتی رۆژئاوا پەیوەندی بە فشارە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپەوە هەیە، نەک هۆکارە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل.

لەلایەکی دیکەوە حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ، بە توندڕەوترین حکوومەتی مێژووی ئیسرائیل دادەنرێت، بەردەوامە لە فراوانکردنی نیشتەجێبوونەکان لە کەرتی رۆژئاوا بە ئامانجی لەناوبردنی هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی. ئەمەش لە کاتێکدایە، ناوچەکە رۆژانە شاهیدی هێرشی کۆچبەرە جووەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی فەڵەستینی، کە زۆرجار لە ژێر چاودێری و پاراستنی سوپای ئیسرائیلدا ئەنجام دەدرێن.