حووسییەکانی یەمەن بۆ کوردستان24: ئیسرائیل ناوچەکە بەرەو جەنگێکی فراوان دەبات
حووسییەکانی یەمەن، ئاگربەستەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران بە "لاواز" وەسف دەکەن و دەڵێن، ئیسرائیل ناوچەکە بەرەو جەنگێکی فراوان دەبات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، عەبدولغەنی عەلی زوبەیدی، فەرماندەی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن، لە لێدوانێکی تایبەتدا؛ بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، "بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵكی سڤیل لە فەڵەستین و شارۆچکە سنوورییەکانی لوبنان، لەوانەیە ناوچەکە پەلکێشی جەنگێکی فراوان بکات و ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی بخاتە مەترسییەوە".
ئەو فەرماندە سەربازییەی حووسییەکانی یەمەن، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە قۆستنەوەی سەرقاڵبوونی جیهان بە ململانێکانی لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە فەڵەستین و لوبنان. دووپاتیشی کردەوە، ئەو هێرشانەی ئیسرائیل "پێشێلکارییەکی روونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ئاگربەستە".
جەختی لەوەش کردەوە، ئەم پێشهاتانە رێبازی دوژمنکارانەی ئیسرائیل و پێداگریی لەسەر بەردەوامیی گرژییەکان و تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و جیهان پشتڕاست دەکەنەوە.
رۆژی 21ـی نیسانی ئەم مانگە، عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکان، ئاگربەستە راگەیەنراوەکەی نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، بە لاواز وەسف کرد.
حووسییەکانی یەمەن، یەکێکن لەو هێزانەی لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن. لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023ـەوە، ئەم گرووپە دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور کرد، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
بە تێپەڕبوونی کات و زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، رۆڵی ئەم گرووپە لە ململانێکانی ناوچەکەدا زیاتر بووە، تا ئەو ئاستەی بە راستەوخۆ چوونەتە ناو شەڕەکەوە بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانیان و وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.