ئاژانسی وزە: دەبێت پشکنین بۆ تەواوی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەین

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاشکرایکرد، زۆربەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران لە بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهانە و دەبێت پشکنین بۆ تەواوی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن.

رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس ئاشکرایکرد، زۆربەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران لە بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهانە و لە جەنگی 12 رۆژە بۆردومانکراوە، لەکاتی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا پشکنەرانی ئاژانس پشکنینەکانیان لە بنکەی ئیسفەهان راگرتووە. 

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەوەی زانیارییان لەسەر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە هەبێت، دەبێت پشکنەرانی ئاژانس بگەڕێنەوە ئێران و تەواوی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بپشکنن، بە نەتەنز و فۆردۆشەوە، چونکە هەندێک یۆرانیۆمی پیتێنراو لەو دوو بنکەیە هەیە.

گرۆسی دەڵێ، لەگەڵ مۆسکۆ گفتوگۆیان لەسەر ئەگەری گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران بۆ رووسیا کردووە، ئەوەش پێویستی بە رێککەوتنە، بەڵام کارێکی باشە ئەگەر یۆرانیۆمەکە لە ئێران ببرێتە دەرەوە.