فیدان: پێویستە بە دوای جێگرەوەی گەرووی هورمزدا بگەڕێین
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هۆشداری دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز و داوا دەکات رێگەی جێگرەوە بدۆزرێتەوە، هاوکات پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان راگەیاند.
چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: ئێمە پشتگیری لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەین و پێشوازیی لێ دەکەین."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە ئاگربەستی ئێستا زۆر گرنگە، بەڵام "لە روانگەی ئێمەوە ئەوەی لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە کە نەگەڕێینەوە بۆ دۆخی جەنگ."
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە سروشتی دانوستانەکان گوتی: "تورکیا پێی وایە ئەو دۆسیانەی کە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا تاوتوێ دەکرێن زۆرن و قورسن، بۆیە ماوەی دوو هەفتە بەس نابێت،" بەمەش جەختی لەسەر پێویستیی درێژکردنەوەی ماوەی دانوستانەکان کردەوە.
گوتیشی: "پێمان وایە چەند رۆژی داهاتوو زۆر هەستیار و یەکلاکەرەوە دەبن و ئێمە متمانە و پشتگیریمان بۆ رۆڵی نێوەندگیریی پاکستان هەیە."
هاکان فیدان، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە گەرووی هورمز کرد و جەختی لەسەر گرنگیی دۆزینەوەی رێگەیەکی جێگرەوە کردەوە لە ئەگەری داخستنی گەرووەکە.