ترەمپ: ئێران رێککەوتنی دەوێت
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، تا ئەو کاتەی تاران بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی رازی نەبێت کە وەڵامدەرەوەی نیگەرانییەکانی واشنتن بێت، گەمارۆ دەریاییەکانی سەریان وەک خۆیان دەمێننەوە.
چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر ئێران وەک خۆیان دەهێڵمەوە، تا ئەو کاتەی بە رێککەوتنێک رازی دەبن کە تەواوی نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بڕەوێنێتەوە."
ترەمپ بەراوردی لە نێوان بژاردەکانی بەردەم واشنتن کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران و گوتی: "پێم وایە سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر ئێران زۆر کاریگەرترە لە بژاردەی بۆردومانکردن،" هۆشداریشی دا کە بەردەوامیی ئەم دۆخە وا دەکات بارودۆخەکە بۆ ئێران زۆر خراپتر بێت لەوەی ئێستا هەیە.
بە پێی زانیارییەکانی پێگەی ئەکسیۆس، ترەمپ پێشنیازێکی ئێرانی رەت کردووەتەوە و سووربوونی خۆی لەسەر بەردەوامیی گەمارۆکان تا گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی دووپات کردووەتەوە.
هەروەها ترەمپ بە توندی جەختی کردەوە کە "بە لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەبارەت بە کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەو گەمارۆیە دەریاییە، ترەمپ ئاشکرای کرد، کە ئابووریی ئێران کەوتووەتە دۆخێکی زۆر سەختەوە و روونیکردەوە: "بەهۆی گەمارۆکانەوە، ئێران بە هیچ شێوەیەک توانای هەناردەکردنی نەوتی نەماوە."
سەرۆکی ئەمریکا باس لە مەترسییەکانی کەرتی وزەی ئێران دەکات بەهۆی وەستانی هەناردەکردنەوە و دەڵێت: "دامەزراوەکانی عەمبارکردنی نەوت و هێڵەکانی بۆریی گواستنەوە لە ئێران، بەهۆی پڕبوونیانەوە خەریکە دەتەقنەوە."
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم فشارە بێوێنە ئابوورییە وای لە دەسەڵاتدارانی تاران کردووە ببنە لایەنی داواکار و رایگەیاند: "ئێران دەیەوێت بگەینە رێککەوتنێک، بۆ ئەوەی بە پێی ئەو رێککەوتنە ئێمە گەمارۆکانیان لەسەر هەڵبگرین."