رۆیتەرز: سوپای پاسداران جڵەوی دەسەڵاتی تارانی گرتووەتە دەست

دوای دوو مانگ لە هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، رێچکەیەکی نوێی دەسەڵات لە تاران سەری هەڵداوە. ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای دەکات کە سیستەمی حوکمڕانی لە ئێران لە "دەسەڵاتی ئایینی"یەوە گۆڕاوە بۆ "دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی" و ئێستا فەرماندەکانی سوپای پاسداران بڕیاردەری یەکەمی وڵاتن، ئەمەش وای کردووە هەڵوێستی تاران لە دانوستانەکاندا توندتر بێت.

بەپێی راپۆرتەکە، کوژرانی عەلی خامنەیی لە یەکەم رۆژی جەنگدا کۆتایی بە سەردەمی "حەکیمی تاقانە" هێنا. هەرچەندە موجتەبای کوڕی جێگەی گرتووەتەوە، بەڵام سێ سەرچاوەی ئاگادار دەڵێن دەوری ئەو تەنیا "شەرعیەتدانە" بەو بڕیارانەی کە ژەنەراڵەکان دەیدەن. موجتەبا کە لە هێرشەکەی سەرەتای جەنگدا بە سەختی بریندار بوو و دەموچاوی شێواوە، تەنیا لە رێگەی پەیوەندیی دەنگیی سنووردارەوە مامەڵە دەکات و نەبینراوە.

بەرپرسانی پاکستان کە نێوەندگیریی نێوان واشنتن و تاران دەکەن، دەڵێن پرۆسەی بڕیاردان لە ئێران خاو بووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا ناوەندێکی بڕیاردانی یەکگرتوو نییە و هەندێک جار 2 بۆ 3 رۆژی دەوێت تاوەکو تاران وەڵامی پێشنیازێکی سادە دەداتەوە.

رۆیتەرز ئاماژە بە سێ کارەکتەری سەرەکی دەکات کە ئێستا ئێران بەڕێوە دەبەن، عەباس عێراقچی، رووکارە دیپلۆماسییەکە، محەممەدباقەر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان کە وەک پردێک لە نێوان نوخبە سیاسی و سەربازییەکاندا کار دەکات و ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران، کە بە بڕیاردەری راستەقینەی مەیدانی و کەسی یەکەمی جەنگەکە دادەنرێت.

ئێران پێشنیازێکی نوێی داوەتە ئەمریکا کە تێیدا داوای قۆناغبەندیی دانوستانەکان دەکات و دەیەوێت پرسی ئەتۆمی بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت، بەڵام ئیدارەی ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت پرسی ئەتۆم لە پێشینە بێت. ئیلان ئایر، شارەزای کاروباری ئێران دەڵێت: "هیچ لایەکیان نایانەوێت نەرمی بنوێنن، چونکە لای هەردووکیان نەرمی نواندن وەک نیشانەی شکست دەبینرێت؛ ترەمپ لە ژێر فشاری هەڵبژاردنی ناوخۆدایە و سوپای پاسدارانیش نایەوێت لەبەردەم واشنتن بە لاوازی دەربکەوێت."

ئارۆن دەیڤد میڵەر، دانوستانکاری پێشووی ئەمریکی، دۆخەکە بە کورتی دەخاتە روو و دەڵێت: "ئێمە لە کاریگەریی پیاوانی ئایینییەوە گۆڕاین بۆ کاریگەریی رەهای سوپای پاسداران. ئێستا ئێران بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت."

سەرەڕای فشارە ئابووری و سەربازییە توندەکان، ئێران لە نۆ هەفتەی جەنگدا هیچ نیشانەیەکی خۆبەدەستەوەدانی پێوە دیار نییە. ستراتیژیی نوێی سوپای پاسداران روونە، دوورکەوتنەوە لە جەنگێکی گشتگیر، هێشتنەوەی گەرووی هورمز وەک کارتێکی گوشار، و هەوڵدان بۆ دەرچوون لە جەنگەکە بە پێگەیەکی سیاسی و سەربازیی بەهێزترەوە.