%55ـی ئەمریکییەکان دۆخی بژێوییان خراپ بووە

راپرسییەکی نوێ دەریخستووە زیاتر لە نیوەی گەلی ئەمریکا پێیان وایە بارودۆخی داراییان بەردەوام لە خراپتربوون دایە، ئەمەش بەرزترین ئاستی بێومێدییە لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا، کە هاوکاتە لەگەڵ تێوەگلانی ئەمریکا لە چەندین ململانێی سەربازی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان.

چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، بە گوێرەی راپرسییەک کە دامەزراوەی "گالۆپ" ئەنجامی داوە، 55%ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە، دۆخی داراییان بەرەو خراپی چووە، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە ساڵی رابردوو 53%بووە، ئەمەش بەرزترین تۆمارە لە دوای ساڵی 2001ـەوە.

ئەم رێژە نوێیە تەنانەت لە قەیرانی دارایی جیهانی و سەردەمی کۆرۆناش زیاترە، هۆکاری ئەمەش بۆ چەند ساڵێک لە هەڵاوسانی بەرز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەگەڕێتەوە کە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە دروست بووە، ئەم دۆخە بووەتە ئاڵەنگارییەکی گەورە بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کۆمارییەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە خولەییەکان.

گرنگترین کێشە داراییەکان بەپێی راپرسییەکە:

%31 بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان.
%13 تێچووی وزە و سووتەمەنی (بەرزترین ئاست لە دوای 2008).
%48 نیگەرانن لە تێچووی چاودێری تەندروستی.
%41 ترسیان هەیە نەتوانن پارەی پسوولە مانگانەکان بدەن.
%40 نیگەرانن لە تێچووی خوێندنی زانکۆ.
%35 نیگەرانن لە تێچووی نیشتەجێبوون.
کاریگەریی جەنگی ئێران لەسەر گیرفانی ئەمریکییەکان:
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە رێژەی هەڵاوسان لە ساڵی 2025 بۆ کەمتر لە 3% دابەزیوە، بەڵام نرخەکان هێشتا بە بەرزی ماونەتەوە، تەنیا لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران لە 28ـی شوباتدا، تێکڕای نرخی گالۆنێک بەنزین لە کەمتر لە 3 دۆلارەوە بۆ 4.11 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر خێزانەکان.

راپرسییەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی بۆ پێنجەمین ساڵە لەسەر یەک، ژمارەیەکی زۆری ئەمریکییەکان پێیان وایە دۆخی داراییان لە پاشەکشەدایە نەک پێشکەوتن، ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە چەندین بەرەی جیهانیدا، بەتایبەت لە شەڕی ئێران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، تێوەگلاوە.