ئێران داخستنی گەرووی هورمزی لە لایەنی دەریایی عەرەبەوە راگەیاند
شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران، داخستنی گەرووی هورمزی لە لایەنی دەریای عەرەبەوە راگەیاند و هۆشداریی دا ئەگەر دوژمن هەنگاوی زیاتر بنێت، رووبەڕووی کردەوەی سەربازی دەبنەوە.
شەهرام ئێرانی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "کەشتییەکانمان بەردەوام لە هاتووچۆدان بۆ بەندەرەکانی وڵات، لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا دوژمن ئەو چەکە نوێیانەمان دەبینێت کە لێی دەترسێت و دەبنە هاوسێی راستەوخۆی."
فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران جەختی کردەوە: "گەرووی هورمزمان لە لایەنی دەریای عەرەبەوە داخستووە و ئەگەر دوژمن زیاتر پێشڕەوی بکات، هەنگاوی سەربازییان لە دژ دەنێین."
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ پێویستە ئێران لە سایەی داڕمانی ئابوورییەکەیدا تەسلیم ببێت. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، تاران لە دانوستانەکاندا هەنگاوی ناوە بەڵام هێشتا بەس نییە.
ترەمپ گەمارۆی دەریایی بە کاریگەرتر لە بۆردومانکردن وەسف کرد بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکرێت بێتە سەر مێزی دانوستان و رەزامەندی لەسەر رێککەوتنێک دەربڕێت کە نیگەرانییەکانی واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بڕەوێنێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ لە 13ـی نیسانی ئەمساڵدا، دوای شکستی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە نێوان واشنتن و تاران، گەمارۆی خستە سەر گەرووی هورمز بە مەبەستی بڕینی داهاتی تێپەڕبوونی کەشتییەکان و رێگریکردن لە هەناردەی نەوتی ئێران.
بەهۆی ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی 2026ەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە، گەرووی هورمز بە کردەیی داخراوە. ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی گواستنەوەی نەوتی خاو و گاز بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەت بۆ ئاسیا و ئەوروپا، کە وایکردووە وڵاتانی هاوردەکار بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێن.
پێشتر و لە 25ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی رێگەی داوە تەنیا وڵاتە دۆستەکان لە گەرووی هورمز تێپەڕن، کە بریتین لە: ڕووسیا، هیندستان، عێراق، چین و پاکستان.
گەرووی هورمز بە گرنگترین رێڕەوی ئاویی بازرگانیی نەوت لە جیهاندا دادەنرێت، کە رۆژانە نزیکەی پێنج یەکی بەکاربردنی نەوتی خاوی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت، هەر بۆیە سەقامگیریی ئەم ناوچەیە جێگەی بایەخی هێزە نێودەوڵەتییەکان و بازاڕەکانی جیهانە.