کەنەدا: سوپای پاسداران جێگەیان لە وڵاتەکەمان نابێتەوە

وێنە؛ کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا)
وێنە؛ کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا)

حکوومەتی کەنەدا هەڵوێستی توندی خۆی بەرامبەر بە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتکردەوە و رایگەیاند؛ هیچ شوێنێکیان لەسەر خاکی کەنەدا نییە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات شاندێکی ئێرانی، بڕیار بوو بەشداریی لە کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) بکەن، بەهۆی ئەوەی لە فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆ رووبەڕووی لێپرسینەوەی بوونەتەوە، وڵاتەکەیان جێهێشت.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، شاندی وڵاتەکەیان بە یەکەم گەشت گەڕاونەتەوە بۆ تورکیا، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو جۆرە مامەڵەیەی لە بەشی کۆچبەرانی فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆ لەگەڵیان کراوە. میدیاکانی ئێران ئەو مامەڵەیەیان بە رەفتاری نەشیاو و سوکایەتی بە یەکێک لە دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانی وڵاتەکەیان وەسف کردووە.

لای خۆیەوە، وەزارەتی کۆچ و پەنابەران و هاووڵاتیبوونی کەنەدا رایگەیاند؛ بەهۆی پرەنسیپی پاراستنی تایبەتمەندییەوە ناتوانن لێدوان لەسەر کەیسە تاکەکەسییەکان بدەن، بەڵام بە روونی جەختیان کردەوە: "بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران رێگەیان پێنادرێت بێنە ناو خاکی کەنەداوە."

پێشتر رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، شارەزایان و بەرپرسانی سیاسی هۆشدارییان داوە لە ئەگەری هەبوونی نزیکەی هەزار کەس لە ناوخۆی کەنەدا کە گومانی پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە لێدەکرێت. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو کەسانە وەک هەڕەشەیەکی ئەمنیی بۆ سەر کەنەدا، ئەمریکا و هاوبەشەکانیان سەیر دەکرێن.