ئیسرائیل زیاتر لە 170 چالاکوان دەستگیر دەکات
ئیسرائیل دەست بەسەر کاروانێکی هاوکارییەکاندا دەگرێت
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی ئەو وڵاتە دەستیان بەسەر کاروانێکی هاوکاریی دەریاییدا گرتووە کە بەرەو کەرتی غەززە بەڕێوەبووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا نزیکەی 175 چالاکوان کە لەسەر 20 بەلەمی جیاواز بوون، دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی چالاکوانەکانی لەسەر کەشتییەکی جەنگیی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، "نزیکەی 175 چالاکوان لەسەر 20 بەلەمی جیاواز دەستبەسەر کراون و لە ئێستا بەرەو ئیسرائیل دەگوازرێنەوە."
ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە کۆنترۆڵی تەواوی سەرجەم دەروازە و خاڵە سنوورییەکانی کەرتی غەززەی کردووە، نەتەوەیەکگرتووەکان و چەندین رێکخراوی ناحکومیی بیانی، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بەوەی گەمارۆی توندی خستووەتە سەر غەززە و رێگری لە گەیشتنی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان دەکات.
لە دوای دەسپێکی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023، کەرتی غەززە بەدەست کەمیی خۆراک و دەرمان و پێداویستییە مرۆییەکانەوە گرفتارە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیە بەردەوامن.