کۆریای باکوور رووبەڕووی وشکەساڵییەکی نائاسایی بووەتەوە
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەیان رووبەرووی وشکەساڵییەکی "سەخت و نائاسایی" بووەتەوە کە لە ساڵانی رابردوودا دەگمەن بووە، ئەمەش وایکردووە دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەونە ئامادەباشی بۆ پاراستنی کەرتی کشتوکاڵ و رووبەرووبوونەوەی کەمیی ئاو.
رۆژی پێنجشەممە 30ی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA) بڵاویکردەوە، وشکەساڵییەکی نائاسایی زۆربەی ناوچەکانی وڵاتی گرتووەتەوە و ئەم دیاردەیەش لە ساڵانی رابردوودا بە دەگمەن بینراوە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کرێکاران و جووتیاران لە ناوچە جیاوازەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ پاراستنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سەرەتای وەرز لە مەترسیی تیاچوون.
بەگوێرەی راپۆرتە فەرمییەکان، شار و پارێزگاکانی کۆریای باکوور دەستیان کردووە بە چاککردنەوەی دەروازەی کۆگاکانی ئاو و رێڕەوە ئاوییەکان، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو کە بەهۆی وشکەساڵییەوە دروستبووە. هەروەها رێکاری تەکنیکی گیراوەتەبەر بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگەی گەنم و جۆ بەرانبەر بە بێئاوی.
مەترسیی لەسەر ئاسایشی خۆراک
کارەساتە سروشتییەکان لە کۆریای باکوور کاریگەریی وێرانکەریان هەیە بەهۆی لاوازیی ژێرخان و دۆخی ئابووریی وڵاتەکەوە. لە مانگی شوباتی رابردوو، ئەلیزابێس سالمۆن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کۆریای باکوور رایگەیاند، کەمیی خۆراک بووەتە یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە.
پسپۆڕانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن کە گۆڕانی کەشوهەوا شەپۆلەکانی گەرما توندتر دەکات، هەروەها پێشبینی دەکرێت دیاردەی "ئێل نینۆ" ئەمساڵ جارێکی دیکە دەربکەوێتەوە و کاریگەرییەکانی وشکەساڵیی زیاتر بکات.
ئەزموونی کۆریای باشوور
کۆریای باشووریش کە خاوەنی چوارەم گەورەترین ئابووریی ئاسیایە، ساڵی رابردوو رووبەڕووی وشکەساڵییەکی درێژخایەن بووەوە، بەتایبەت لە شاری گانگنیۆنگ. ئەو دۆخە وای لە دەسەڵاتداران کرد رێکاری توند بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو، لەوانەش داخستنی 75%ی پێوەرەکانی ئاوی ماڵان لە سەرتاسەری شارەکەدا.
کۆریای باکوور لەوەتەی ساڵانی 1990ـەوە بەدەست کەمیی بەردەوامی خۆراک و لاوازیی کەرتی کشتوکاڵەوە دەناڵێنێت، بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و دابڕانی لە جیهان، ئەو وڵاتە لە کاتی کارەساتە سروشتییەکاندا رووبەرووی قەیرانی مرۆیی دەبێتەوە.
رێکخراوە جیهانییەکان هەمیشە هۆشداری لە لێکەوتەکانی وشکەساڵی دەدەن کە دەبێتە هۆی برسییەتی و گیانلەدەستدانی بەکۆمەڵی هاووڵاتیان، نەبوونی ژێرخانی پێشکەوتووی ئاو و پشت بەستن بە باران، مەترسییەکانی وشکەساڵی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە زیاتر کردووە.