موراد قەرەیلان: گۆشەگیریی ئۆجەلان ئەنجامێکی باشی نابێت
موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل لە تازەترین پەیامیدا رەخنە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی دەگرێت و دەڵێت " گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان بەردەوامە و ناکرێت سەردانی ئیمراڵی تەنیا لەسەر قسەی یەک بەرپرس بکرێت یان رابگیرێت، دەتوانین بڵێین پرۆسەکە هەڵپەسێردراوە یان وەستێنراوە".
قەرەیلان ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی نیسانی 2026، بە بۆنەی 1ـی ئایار، جەنگی جیهانیی کرێکاران، لەگەڵ میدیایەکی سەر بە پەکەکە چاوپێکەوتنێکی کردووە و باسی لە چەند پرسێکی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی کردووە.
ئەو، جەختی کردەوە، لە لایەنی یاساییەوە گۆشەگیری لە سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەردەوامە.
قەرەیلان لەبارەی چوونی شاند بۆ ئیمراڵی رەخنەی گرتووە و دەڵێت "ناکرێت ئەم کارە ببەسرێتەوە بە قسەی تاکە بەرپرسێک و ئەو بڕیاربدات کە چیتر چوونی شاند بۆ ئیمراڵی سوودی نییە، چونکە مامەڵەیەکی لەم شێوەیە متمانە بۆ کەس دروست ناکات و بە مانای ئەوە دێت کە هیچ یاسایەک نییە؛ بەڵكو دەبێت رێکخراوەکان بە گوێرەی بڕیارە کارگێڕییەکانیان کار بکەن، بەڵام ئەمانە بۆ رای گشتی ئاشکرا و روون نەکراوەتەوە، تەنیا کارێک کە بە فەرمی کرابێت، ئەرکی کۆمیسیۆنی پەرلەمان و راپۆرتەکەی بووە".
هەروەها دەڵێت "هەرچەندە لە 27ـی ئاداری ئەمساڵدا، شاندێکی حکوومەتی تورکیا و شاندێکی دەم پارتی، لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، کە چاوەڕوانییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئەوەندەی تێی بگەین، ئەو گفتوگۆیانەی کران، ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە، بەڵام لەو کاتەوە بە دواوە، نەبوونی کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی پرۆسەی ئاشتی".
بە گوتەی قەرەیلان، لە مانگی رابردووەوە رێگە بە هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان نەدراوە و دەڵێت "بە ئاشکرا دەبینرێت پاش ئەم گفتوگۆیە، بە کاریگەریی رووداوە هەرێمییەکان، هەلومەرجەکان و هەندێک پرۆسەی ناوخۆیی، هێزە بڕیاربەدەستەکان بە گونجاویان زانیوە کە هەنگاوەکان بوەستێنن یان دوای بخەن. بە هەبوونی ئەو راپۆرتە فەرمییەی بەرئەنجامی کاری چەندین مانگی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان، بەرەوپێش نەچوونی پرۆسەکە، جگە لەمە هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێت".
هەروا موراد قەرەیلان باس لە هەنگاوەکانی پەکەکە بۆ بەدەمەوەچوونی پرۆسەی ئاشتی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە "راستییەکە لەبەرچاوە و ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێکردووە و روونە کە ئێمە هەموو ئەو کارانەمان کردووە کە دەبوو دەسەڵات ئاراستە بکات بۆ هەنگاونان. ئەمەش بە بەرچاوی رای گشتی کرا و کۆتاییهێنان بە خەباتی 42 ساڵەی چەکداریی بڕیارێکی ئاسایی نییە، بۆیە کەس ناتوانێت بڵێت ئێمە هیچ هەنگاوێکمان نەناوە".
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد، کاتێک داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات.
لە سەرەتای ساڵی 2025ـدا، پەکەکە بە فەرمی ئاگربەستی راگەیاند و دواتر بڕیاری چەکدانانی دا. بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکەش لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە ناوی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێنرا.
سەرەڕای ئەوەی پەکەکە بڕیاری چەکدانانی داوە، بەڵام دەم پارتی و لایەنە کوردییەکان رەخنە لە خاوی حکوومەت دەگرن لە جێبەجێکردنی هەنگاوە یاساییەکان. داواکارییە سەرەکییەکانی دەم پارتی بریتین لە کۆتاییهێنان بە سەپاندنی قەییووم بەسەر شارەوانییەکاندا، ئازادکردنی زیندانییە رامیارییەکان، هەروەها دیاریکردنی پێگەیەکی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ ناو ژیانی مەدەنی.