موجتەبا خامنەیی: ئەمریکا هۆکاری ناسەقامگیرییە و رێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر ئێران

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ئەمریکا بە بەرپرسیاری یەکەمی گرژییەکان ناودەبات و رایدەگەیەنێت، ئاسایشی گەرووی هورمز بۆ جیهان گرنگە، بەڵام گەلی ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستدرێژی بۆ سەر خاکەکەی قبوڵ ناکات.

پەنجشەممە 30 نیسانی 2026، موجتەبا خامنەیی، لە چوارچێوەی رۆژی نیشتیمانی کەنداوی فارس رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامێکی نوێی لەبارەی دۆخی هەستیاری ناوچەکە و ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان بڵاوکردەوە. خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە کەنداوی فارس بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی شارستانییەتی ئێران و پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز وەک یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە.

رێبەری ئێران لە پەیامەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی واشنتن و رایگەیاند: "ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی ناوچەکەیە". بە بڕوای خامنەیی، دەستێوەردانە بەردەوامەکانی ئەمریکا رێگرن لەوەی وڵاتانی ناوچەکە لە کەشێکی ئارامدا بژین و پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، موجتەبا خامنەیی هۆشدارییەکی توندی دایە دوژمنانی وڵاتەکەی و گوتی: "گەلی ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستدرێژی قبوڵ ناکات". ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکانی تاران بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر سەروەریی خاکەکەیان.

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەری کەنداو، رێبەری ئێران پەیامێکی ئاراستە کردن و رایگەیاند، تاران چارەنووسێکی هاوبەشی لەگەڵ دراوسێکانیدا هەیە. جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە کار بکەن بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەیی، بەبێ ئەوەی پشت بە هێزە بیانییەکان ببەستن.