فوئاد حوسێن: عێراق زۆرترین زیانی لە درێژەکێشانی ململانێکان بەرکەوتووە
عێراقچی: خوازیارین بگەینە ئەنجامی ئەرێنی بۆ چارەکردنی کێشەکان
وەزیری دەرەوەی عێراق، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی بەغدا بۆ چارەی ئاشتییانەی کێشەکان کردەوە و هۆشداری دا لەوەی کە عێراق گەورەترین زەرەرمەندی درێژەکێشانی ململانێکانی ناوچەکەیە.
رۆژی هەینی، 1ـی ئایاری 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن گفتوگۆی کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند: لە میانی پەیوەندییەکەدا، وەزیرە ئێرانییەکە هاوتا عێراقییەکەی لە وردەکاریی دانوستانەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئاگادار کردەوە، هەروەها سروشتی ئەو پەیامانەی ڕوون کردەوە کە لە نێوان واشنتن و تاران لە رێگەی پاکستانەوە ئاڵوگۆڕ کراون." هاوکات ئاماژەی بە "خاڵەکانی لێکتێگەیشتن و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لایەن" کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، عەباس عێراقچی "خواستی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە ئەنجامی ئەرێنی" دووپات کردووەتەوە و، تیشکی خستووەتە سەر "ئەو هەنگاوانەی خراونەتە روو بۆ ئەوەی رێڕەوی چارەکردن بەرەو پێشەوە ببرێت."
لە بەرامبەردا، فوئاد حوسێن جارێکی دیکە جەختی لە "پشتیوانیی عێراق بۆ هەوڵەکانی دانوستان و گرنگیی گەیشتن بە چارەی کۆتایی کە بەشدار بێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگ" کردەوە و، جەختی لەوەش کردەوە کە "بەردەوامبوونی ململانێکان رۆڵی هەبووە لە دروستکردنی دۆخێکی ناسەقامگیر لە ناوچەکەدا."
وەزیری دەرەوەی عێراق روونی کردەوە کە "عێراق یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە بە شێوەیەکی بەرچاو زیانی لە دەرهاوێشتەکانی ئەم جەنگە و درێژەکێشانی بەرکەوتووە"، هەروەها سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کرد بۆ "بەردەوامیی پەیوەندییەکان و ئاگادارکردنەوەی لە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانوستانەکان."
لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگێکیان دژی ئێران دەست پێکرد، لە بەرامبەریشدا تاران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و چەند ئامانجێک لە وڵاتانی ناوچەکە، کە بە "پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" ناوی بردن. دواتر لە 8ـی نیسانی ئەمساڵ، بە نێوەندگیریی پاکستان، واشنتن و تاران ئاگربەستێکی کاتییان راگەیاند.
دواتر لە 11ـی نیسانی ئەمساڵ، پاکستان میوانداریی گەڕێک لە دانوستانەکانی نێوان هەردوو لایەنی کرد، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک. پاشان لە 21ـی هەمان مانگدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر داوای نێوەندگیرە پاکستانییەکان بڕیاری دا ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە "تا ئەو کاتەی تاران پێشنیازی خۆی" سەبارەت بە دانوستانەکان پێشکەش دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە دیاریی بکرێت.