سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە عەلی زەیدی کرد

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کرد. 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 02ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کرد. 

عەلی زەیدی بە یاوەری شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی هاتووەتە هەولێر و بڕیارە بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆببێتەوە. 

شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە یاوەریی عەلی زەیدین:

- موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "ئەساس".

- عەبدولحسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "نەهجی وەتەنی". 

- فالح فەیاز،  سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.

- عەباس عامری، ئەمینداری چوارچێوەی هەماهەنگی.

 

 

پێشتر چەند سەرچاوەیەک لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـیان راگەیاندبوو، ئامانجی سەردانەکەی زەیدی، تاوتوێکردنی پێکهێنانی هەردوو حکوومەتی نوێی عێراق و هەرێمی کوردستان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایە. 

هاوکات چاوەڕێ دەکرێت زەیدی بە فەرمی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی فیدراڵ، بانگهێشتی بەغدا بکاتەوە. 

شەوی 27ـی نیسانی 2026، سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە کۆشکی حکوومەت لە بەغدا کۆبوونەوە و بە کۆی دەنگ (عەلی زەیدی)ـیان بە فەرمی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاندید کرد.  

زەیدی 25 رۆژی لە بەردەستدا ماوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ؛ چونکە بە گوێرەی دەستووری عێراق، پێویستە سەرۆکوەزیرانی راسپێدراو لە ماوەی مانگێکدا ئەندامانی کابینەکەی هەڵبژێرێت، تا دواتر لە پەرلەمان متمانەیان پێ بدرێت.