پاکستان پەیامی فەرمیی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەگەیەنێتە ئەمریکا

تاران بە 14 خاڵ وەڵامی پێشنیازە 9 خاڵییەکەی واشنتن بۆ راگرتنی جەنگ دەداتەوە

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانییەوە، وەڵامێکی فەرمیی کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە، رادەستی ئەمریکا کرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازێکی پێشووتری واشنتن.

شەممە، 2ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی فارس، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، بڵاوی کردەوە "تاران وەڵامە فەرمییەکەی خۆی رادەستی لایەنی پاکستانی کردووە، کە پێکهاتووە لە 14 خاڵ و تێیدا هێڵە گشتییەکانی دیدگای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ داڕێژراون."

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، "ئەم وەڵامەی تاران لە چوارچێوەی مامەڵەکردندایە لەگەڵ ئەو پێشنیازە 9 خاڵییەی کە پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە خرابووە روو."

 روونیشیان کردووەتەوە کە لەم پەیامەدا، ئێران بە توندی جەختی لەسەر ئەو بابەتانە کردووەتەوە کە بە "هێڵە سوورەکانی خۆی" وەسفیان دەکات، ئەمە جگە لەوەی نەخشەڕێگایەکی روونی بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە خستووەتە روو کە تاران بە "جەنگی سەپێندراو" ناوی دەبات.

لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا، ئاژانسی فارس ئاشکرای کردووە کە پرۆسەی گواستنەوەی ئەم پەیامە بۆ واشنتن لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانییەوە ئەنجام دراوە، ئەویش پاش ئەوەی کە بابەتەکە قۆناغە ئاسایی و یاساییەکانی تایبەت بە دروستکردنی بڕیاری لە ناوخۆی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بڕیوە و پەسەند کراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆز و سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکانی نیشتەجێی تاران رایگەیاندبوو: "ئێران پلانەکەی خۆی پێشکەشی نێوەندگیری پاکستان کردووە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو جەنگە سەپێندراوە بە شێوەیەکی هەمیشەیی".

گوتووبووشی: "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە بۆ ئەوەی رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێت یان بەردەوام بێت لەسەر رێبازی رووبەڕووبوونەوە".

دوای نزیکەی 40 رۆژ لە جەنگ، ئەمریکا و ئێران لە دانوستانەکانیان بە نێوەندگیری پاکستان نەگەیشتن بە رێککەوتن، ئێستا تاران پێشنیازی نوێی لە رێگەی حکوومەتی ئیسلام ئابادەوە پێشکەش بە واشنتن کردووە بۆ ئەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی ئێران ئەنجام بدرێت.