ترەمپ: ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران هەیە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەرێکی کراوە هەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێ بکاتەوە. هاوکات ئاشکرای کرد، تاران پلانێکی نوێی بۆ راوەستاندنی جەنگ پێشکەش کردووە، بەڵام پێناچێت واشنتن بەو مەرجانە رازی بێت.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە ویست پالم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر تاران، گوتی: "ئەگەر هەیە ئەوە روو بدات." ترەمپ ئابڵۆقە و گەمارۆکانی ئێستای سەر ئێرانی بە زۆر کاریگەر وەسف کرد.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بە زوویی لەم رووبەڕووبوونەوەیە ناکشێتەوە، چونکە نایانەوێت کێشەکە بۆ چەند ساڵێکی دیکە دوابخرێت و دووبارە سەرهەڵبداتەوە. گوتیشی: "رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، هێڵە گشتییەکانی رێککەوتنێکی پێشکەشکراوی لەلایەن ئێرانەوە پێگەیشتووە و گوتی: "بەم زووانە لێکۆڵینەوە لەو پلانە دەکەم کە ئێران بۆی ناردووین، بەڵام بڕوا ناکەم ئەو پلانە قبوڵکراو بێت."
لای خۆیەوە، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ وڵاتەکەی لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە پلانێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەش کردووە. ئابادی گوتی: "ئێستا تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە؛ یان دەبێت رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێت یان بەردەوامبوون لە رووبەڕووبوونەوە."
بەگوێرەی سەرچاوە ئێرانییەکان، پێشنیارەکەی تاران پێکهاتووە لە:
1- کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا.
2- کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
3- دواخستنی گفتوگۆکان دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی بۆ قۆناخێکی دیکە.
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، سوپای ئێران لێدانێکی کوشندەی بەرکەوتووە و بۆ دووبارە بونیادنانەوەی تواناکانی پێویستی بە 20 ساڵ هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا خاوەنی بەهێزترین ژێردەریا و سوپایە لە جیهاندا.
چوار هەفتە بەسەر راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە. ئەم ململانێیە بووەتە هۆی گەورەترین پەککەوتن لە دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان.