ئەندامێکی نوێ پەیوەندی بە تیمی دانوستانکاری ئەمریکاوە دەکات

تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، نیک ستیوارت کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا فەرمانبەر بووە لە وەزارەتی دەرەوە، پەیوەندی بە تیمی دانوستانکاری ئەمریکاوە کردووە تایبەت بە دۆسیەی ئێران.

شەممە 2ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس"، نیک ستیوارت کارمەندی پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، چووەتە ناو تیمێک کە پێکهاتوون لە جارید کۆشنەر، زاوای ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ئەمەش پێش ئەوەی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردوو لەلایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکران، تووشی بەربەست ببن.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ستیوارت لەلایەن کۆشنەرەوە دەستنیشان کراوە، هەروەها ناوبراو پێشتر لە ناوەندی بەرگری لە دیموکراتەکان کاری کردووە و پسپۆڕی بووە لە بابەتەکانی رێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و کاروباری ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، ئامادەنەبوونی پسپۆڕانی ئیدارەی نیشتمانی بۆ ئاسایشی ئەتۆمی و وەزارەتی وزە لە ناو تیمی دانوستانکاردا، بووەتە جێی پرسیار لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکا، کۆنگرێس داوای روونکردنەوەی لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە سەبارەت بەوەی چ لایەنێک هاوکاری و راوێژی تەکنیکی لەسەر دۆسیە ئەتۆمییەکەی ئێران بە تیمەکە دەدات.

لە بەرانبەردا، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە میانی دانیشتنێکی لیژنەی سەرچاوەکان و وزە لە ئەنجوومەنی پیران لە 21ـی نیسان رایگەیاند: "من یەکەم کەسم کە شارەزایی لەم بوارەدا پێشکەش دەکەم، هەروەها تیمێکی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیمان هەیە کە بەشدارن لەم هەوڵانەدا، جگە لە تیمێکی پسپۆڕ کە کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی ئێران دەکەن."

نیک ستیوارت پێشتر لەگەڵ کلۆدیا تێنی، ئەندامی کۆماری لە کۆنگرێسی ئەمریکا کاری کردووە، ناوبراو ستیوارتی وەک یەکێک لە دیارترین پسپۆڕانی ئەمریکا لە بواری سیاسەتی ئێراندا وەسف کردووە.