لە نەمسا تۆمەتبارێک بە تێکەڵکردنی ژەهر بۆ خواردنی منداڵان دەستگیرکرا

وەرگیراو، خواردنی منداڵان لە جۆری (HiPP)
وەرگیراو، خواردنی منداڵان لە جۆری (HiPP)

پۆلیسی نەمسا رایگەیاند، پیاوێکی تەمەن 39 ساڵیان دەستگیرکردووە گومانی لێدەکرێت تێوەگلابێت لە دۆسیەی تێكەڵکردنی ژەهری مشک لەناو پاکەتەکانی خواردنی منداڵاندا.

پۆلیسی نەمسا ئاشکرای کرد، پڕۆسەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لە ویلایەتی "ساڵزبۆرگ" لەسەر سنووری ئەڵمانیا ئەنجامدراوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت مانگی رابردوو لە وڵاتانی نەمسا، چیک و سلۆڤاکیا، پێنج پاکەتی خواردنی منداڵان لە جۆری مارکەی "هێپ" (HiPP) ی ئەڵمانی دۆزرانەوە کە دەستکاری کرابوون و ژەهری مشکیان تێکرابوو، بەڵام خۆشبەختانە پێش ئەوەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەکاربهێنرێن، دەستیان بەسەردا گیرا.

گوتەبێژێکی پۆلیس لە ویلایەتی بۆرگنلاند، (شوێنی دۆزینەوەی یەکەم پاکەتی ژەهراوی) رایگەیاند: "سەرکەوتوو بووین لە دەستگیرکردنی گومانلێکراوێکی تەمەن 39 ساڵ"، بەڵام ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر لەبارەی ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکات. پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، گەڕان بەدوای شەشەم پاکەتی تێكچوودا بەردەوامە کە پێدەچێت لەناو بازاڕەکانی نەمسادا بێت.

کۆمپانیای "هێپ"ی ئەڵمانی، بەرهەمهێنەری خواردنەکەیە، رایگەیاندووە؛ ئەم کارە هەوڵێک بووە بۆ وەرگرتنی سەرانە و پارە لێسەندن لە کۆمپانیاکەیان. بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی نەمسا، لە مانگی ئازاری رابردوودا ئیمەیڵێک بۆ کۆمپانیاکە نێردراوە و تێیدا داوای بڕی 2 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 2.3 ملیۆن دۆلار) کراوە کە دەبێت لە ماوەی 6 رۆژدا بدرێت.

کۆمپانیای ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەوەی ئیمەیڵەکە بۆ ناونیشانێکی گشتی (Group Mail) نێردراوە کە کەمتر پشکنینی بۆ دەکرێت، دوای دوو هەفتە لە تەواوبوونی مۆڵەتەکە ئینجا نامەکەیان بینیوە. ئێستا لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتبارەکە بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی تاوانەکە.