ئەکسیۆس پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانی ئاشکرا کرد
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد، ئێران پێشنیازێکی گشتگیری پێشکەش کردووە بە ئامانجی کردنەوەی گەرووی هورمز، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و راگرتنی هەمیشەیی جەنگ لە ئێران و لوبنان.
بەگوێری زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، پێشنیازەکەی ئێران مۆڵەتی مانگێکی دیاری کردووە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا بەسەریدا سەپاندوویەتی. تەنیا دوای گەیشتن بە رێککەوتن لەم بوارانەدا، ئێران ئامادەیە مانگێکی دیکە بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەرخان بکات بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری دایە تاران و رایگەیاند؛ ئەگەر ئێران "هەڵسوکەوتی خراپ بکات، رەنگە فەرمانی ئەنجامدانی کارێکی سەربازی نوێ بدات." ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی نوێ گوتی: "ئەگەر شتێکی خراپ بکەن، ئەوا ئەگەری هێرش بەدڵنیاییەوە هەیە."
سەرەڕای گۆڕینەوەی رەشنووسی رێککەوتنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە نێوان واشنتن و تاران، بەڵام ترەمپ هێشتا بە جددی لێکۆڵینەوە لە بژاردەی سەربازی دەکات بۆ شکاندنی ئەو بنبەستە سیاسییەی دروست بووە.
لە لایەکی دیکەوە، پێنجشەممەی رابردوو ئێران پێشنیازێکی نوێکراوەی 14 خاڵی پێشکەش کرد. هەر لەو رۆژەدا، ترەمپ لەلایەن براد کوپەر، فەرماندەی هێزەکانی دەریایی سێنتکۆم، لە پلانە نوێیەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئاگادار کرایەوە. دواتر فەرماندە کوپەر سەردانی ناوچەکەی کرد و لەسەر پشتی کەشتی جەنگی "یو ئێس ئێس تریبۆلی" لە دەریای عەرەب لەگەڵ سەربازەکان کۆبووەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەباشی هێزەکانی ئەمریکا.