سەرەڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر قەیرانی کارەبا لە عێراق بەردەوامە
سەکۆی جیهانیی 'وزە' کە بارەگاکەی لە واشنتنە، لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا هۆشداری دەدات کە لە هاوینی 2026دا، قەیرانی کارەبا لە عێراق زۆر خراپ دەبێت، هۆکاری ئەمەش بۆ پشتپەستنی زۆری عێراق بە گازی ئێران دەگەڕێتەوە، کە بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەکان و جەنگەوە ناسەقامگیرە.
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە سەکۆکە ئەنجامی داوە، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2026، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 29 گێگاوات، لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە 40 گێگاوات هەیە، کە (یەک گێگاوات دەکاتە 1000 مێگاوات).
هەروەها عێراق پلان بۆ بەرهەمهێنانی 7500 مێگاوات کارەبا لە رێگەی 15 پڕۆژەی وزەی خۆرەوە دادەنێت، کە بە هاوکاریی کۆمپانیاکانی "جەنەراڵ ئەلیکتریک"ی ئەمریکی و "سیمێنس"ی ئەڵمانی جێبەجێ دەکرێن.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەوڵەکان بۆ بەستنەوەی کارەبا بە وڵاتانی دراوسێ بەردەوامن، بەڵام ئاستەنگی تەکنیکی و دارایی بوونەتە رێگر، هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، بەهۆی جەنگ و داخرانی گەرووی هورمز لە 28ـی شوباتی 2026دا، داهاتی نەوتی عێراق بە رێژەی 90% کەمی کردووە، ئەمەش بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم دابینکردنی بودجە بۆ کڕینی سووتەمەنی.
لە ئێستا هاووڵاتیانی عێراق بوونەتە بارمتەی سووتەمەنی هاوردەکراو، بەپێی دوایین داتاکان، ناردنی گازی ئێران بۆ عێراق لە هەفتەی رابردوودا بۆ 15 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا دابەزیوە، لە کاتێکدا پێشتر 20 ملیۆن مەتر سێجا بووە.
هەرچەندە عێراق هەوڵ دەدات بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی زیاد بکات تا چیتر پشت بە دەرەوە نەبەستێت، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەم پلانە پێویستی بە چەندین ساڵ کارکردنی بەردەوام هەیە و لە کورتخایەندا چارەسەری قەیرانەکە ناکات.