چین دان بە سزاکانی ئەمریکادا نانێت

ئەرشیف
ئەرشیف

وەزارەتی بازرگانی چین "فەرمانێکی رێگری" (Blocking Order) فەرمی بڵاوکردەوە، تێیدا هەموو دامەزراوە، کۆمپانیا و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی قەدەخە دەکات لە جێبەجێکردن یان دانپێدانان بەو سزایانەی ئەمریکا کە بەسەر پێنج کۆمپانیای پاڵاوگەی چینیدا سەپێندراون بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی ئێران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە و رایگەیاندووە؛ ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای یاسای ئاسایشی نیشتمانی و یاسای دژە سزای دەرەکی چین دراوە. چین دەڵێت سزاکانی ئەمریکا وەک "بەکارھێنانی نادادپەروەرانەی یاساکانی دەرەوەی سنوور" دەبینێت و ئامانجی ئەم فەرمانە نوێیە پاراستنی سەروەری، ئاسایش و بەرژەوەندییە گەشەپێدانییەکانی چینە.

ئەو پێنج کۆمپانیایەی فەرمانەکە دەیانگرێتەوە بریتین لە:

کۆمپانیای هێنگلی بۆ پترۆکیمیاوی (Hengli Petrochemical - Dalian).
کۆمپانیای شاندۆنگ شۆگوانگ لۆکینگ (Shandong Shouguang Luqing).
گرووپی شاندۆنگ جینچێنگ (Shandong Jincheng Petrochemical Group).
گرووپی حێبێی سینهای بۆ کیمیاوی (Hebei Xinhai Chemical Group).
کۆمپانیای شاندۆنگ شێنگسینگ بۆ کیمیاوی (Shandong Shengxing Chemical).

وەزارەتی بازرگانی جەختی کردووەتەوە، نابێت هیچ لایەنێکی چینی پابەندیی فەرمانە کارگێڕییەکانی ئەمریکا (ژمارە 13902و 13846) بێت کە تایبەتن بە سزادانی کڕیارانی نەوتی ئێران و بلۆککردنی سەرمایەکانیان.

ئەم بڕیارە لە رێککەوتی 2ـی ئایاری 2026ەوە (وەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە) چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەر جۆرە پابەندبوونێک بە سزاکانی ئەمریکا لە ناوخۆی چیندا بە نایاسایی دادەنرێت.