سوننەکان پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق تاوتوێ دەکەن
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، پرسی خێراکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی تاوتوێ کرد و جەختی لەسەر پێویستیی داڕشتنی بەرنامەیەکی تۆکمە کردەوە کە لەگەڵ قۆناغی ئێستا بگونجێت.
یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لە بارەگای خەمیس خەنجەر لە شاری بەغدا ئەنجام دا.
بە پێی راگەیەنراوی ئەنجوومەنەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بەشداربووان جەختیان لە گرنگیی خێراکردنی پرۆسەکە کردەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ داواکاری و پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە هەستیارەدا یەک بگرێتەوە.
هاوکات، ئەنجوومەنەکە، گفتوگۆی لەسەر خستنەڕووی پێشنیاز و تێڕوانینی نوێ کرد بۆ ئەوەی بخرێتە ناو کارنامەی حکوومەتی داهاتووەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنەکە چەند بڕیارێکی دەرکرد و پێداگریی لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کرد.
هەروەها داوای کرد کار بکرێت بۆ یەکخستنی تەواوی هەوڵەکان، لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە سیاسی، خزمەتگوزاری و ئابوورییەکانی عێراق.