بەقایی: پێشنیازەکانمان بۆ ئەمریکا تەنیا بۆ کۆتاییهێنانە بە جەنگ و باسی ئەتۆمی تێدا نییە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو پێشنیازانەی لە رێگەی پاکستانەوە ئاراستەی ئەمریکا کراون، تەنیا جەخت لەسەر راگرتنی جەنگ دەکەنەوە و پرسی ئەتۆمی تێدا نییە، هاوکات مینڕێژکردنی تەنگەی هورمزیشی وەک بانگەشەی ئەمریکا رەت کردەوە.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026 لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنییدا ئاشکرای کرد کە پێشنیازەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا تەنیا پەیوەستە بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە و بە تایبەتی لە لوبنان. بەقایی جەختی کردەوە: "لەم قۆناغەدا هیچ دانوستانێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ناکرێت و ئەم بابەتە بۆ کاتێکی دیکە جێهێڵدراوە."

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا وەڵامی پێشنیازەکانی ئێرانی داوەتەوە و بۆچوونەکانی خۆی لە رێگەی پاکستانەوە ناردووە، بەڵام گوتی: "تا ئێستا ئەو وەڵامانە بە فەرمی نەگەیشتوونەتە دەست تاران."

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە مینڕێژکردنی تەنگەی هورمز دەکەن، بەقایی بە توندی ئەو هەواڵانەی رەت کردەوە و گوتی: "کارێکی وەها لە پلانی ئێراندا نییە و ئەوەی دەگوترێت تەنیا بانگەشەی بێبنەمای ئەمریکایە." ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەو ئاوە نێودەوڵەتییەدا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.

بەقایی باسی لەو وادە 30 رۆژییە کرد کە بۆ دانوستانەکان دیاری کراوە و رایگەیاند، ئەمە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنێکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. گوتیشی: "ئاساییە کە گەیشتن بە ئەنجام لە رێککەوتنێکی 14 خاڵیدا کاتی بوێت، بۆیە ئەو 30 رۆژە وەک دوا دەرفەت سەیر ناکرێت، بەڵکو ماوەیەکە بۆ گەیشتن بە یەکتر."

ئەم لێدوانانەی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و هەردوولا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازەکانن بۆ راگرتنی ململانێ سەربازییەکان.