ترەمپ پڕۆژەی رزگارکردنی کەشتییە بێلایەنەکان لە گەرووی هورمز راگەیاند

سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی مرۆیی بە ناوی "پڕۆژەی ئازادی" (Project Freedom) دەستپێدەکات بۆ رزگارکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە، هاوکات ئاشکرای کرد دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران لەم بارەیەوە "زۆر ئەرێنی" بووە.

یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، چەندین وڵات لە سەرانسەری جیهانەوە داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردووە بۆ ئازادکردنی کەشتییەکانیان کە لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە. ترەمپ جەختی کردەوە، ئەم کەشتییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە و تەنیا "رێبواری بێتاوانن". بڕیارە ئەم پرۆسەیە سبەی دووشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبکات.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، زۆرێک لەو کەشتییانە خواردن و پێداویستییە تەندروستییەکانیان بەرەو تەواوبوون دەچێت، ئەمەش مەترسی بۆ سەر تەندروستی ستافی کەشتییەکان دروست کردووە. ترەمپ ئەم هەنگاوەی بە دەستپێشخەرییەکی مرۆیی ناوزەند کرد لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتیش وڵاتی ئێران، بۆ نیشاندانی نیازپاکی دوای چەندین مانگ لە جەنگ و ململانێی توند.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ترەمپ رایگەیاند، نوێنەرەکانی گفتوگۆی زۆر ئەرێنییان لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجام داوە و گوتیشی: "من ئاگادارم کە نوێنەرەکانم خەریکی گفتوگۆی زۆر ئەرێنین لەگەڵ وڵاتی ئێران، ئەم گفتوگۆیانەش دەکرێت ببنە هۆی ئەنجامێکی زۆر باش بۆ هەموو لایەک."

سەرەڕای لایەنە مرۆییەکەی پڕۆژەکە، ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دایە هەر لایەنێک کە بیەوێت رێگری لەم پرۆسەیە بکات و ئاماژەی دا، "ئەگەر بە هەر شێوەیەک دەستوەردان لەم پرۆسە مرۆییەدا بکرێت، بەداخەوە دەبێت بە شێوەیەکی زۆر بەهێز مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستوەردانەدا بکرێت."

ئەم بڕیارە دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی کەشتیوانی لە یەکێک لە ستراتیژیترین تەنگە دەریاییەکانی جیهاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ماڵپەڕی (ئینتیخاب)ـی ئێرانی، وردەکاریی پێشنیازێکی رێککەوتنی ئاشکرا کرد کە لە لایەن تارانەوە گەڵاڵە کراوە.

هەروەها  سەرۆکی ئەمەریکا، لە لێدوانێکدا بۆ دەستەی پەخشی ئیسرائیل، رایگەیاند: "پێداچوونەوەم بۆ پێشنیازە نوێیەکەی ئێران تایبەت بە راگرتنی جەنگ و دۆسیەی ئەتۆمی کردووە، ئەو پێشنیازە قبووڵکراو نییە."