ئێران بۆ ئەمریکا: هەر دەستوەردانێک لە گەرووی هورمز پێشێلکردنی ئاگربەستە

ئەرشیف
ئەرشیف

بەرپرسێکی باڵای ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند؛ هەر هەوڵێکی واشنتن بۆ دەستوەردان لە کاروباری گەرووی هورمز، وەک پێشێلکردنی رێککەوتنی "ئاگربەست" هەژمار دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لەو سیستەمە دەریاییە نوێیەی بۆ گەرووی هورمز داڕێژراوە، بە پێشێلکردنی ئاگربەست لەقەڵەم دەدرێت."

ئەم کاردانەوەیەی تاران لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەدا هات، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە بڕیاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ "رزگارکردنی ئەو کەشتیانەی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە" راگەیاند.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا هۆشداریی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئۆپەراسیۆنەکە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات.

دوێنێ یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، چەندین وڵات لە سەرانسەری جیهانەوە داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردووە بۆ ئازادکردنی کەشتییەکانیان کە لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە. ترەمپ جەختی کردەوە، ئەم کەشتییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە و تەنیا "رێبواری بێتاوانن". بڕیارە ئەم پرۆسەیە سبەی دووشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبکات.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، زۆرێک لەو کەشتییانە خواردن و پێداویستییە تەندروستییەکانیان بەرەو تەواوبوون دەچێت، ئەمەش مەترسی بۆ سەر تەندروستی ستافی کەشتییەکان دروست کردووە. ترەمپ ئەم هەنگاوەی بە دەستپێشخەرییەکی مرۆیی ناوزەند کرد لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتیش وڵاتی ئێران، بۆ نیشاندانی نیازپاکی دوای چەندین مانگ لە جەنگ و ململانێی توند.