سێنتکۆم پڕۆسەی "پڕۆژەی ئازادی" لە گەرووی هورمز دەستپێکرد
سوپای ئەمریکا رایگەیاند؛ دەستیکرد بە پشتگیریکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گەرووی هورمز رایگەیاند، ئەمەش بە هێزێک کە زیاتر لە 100 فڕۆکە و هەزاران سەرباز لەخۆدەگرێت.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، بەکاتی رۆژهەلاتی ناوەڕاست دەستیکردووە بە پشتگیریکردنی "پڕۆژەی ئازادی" ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئازادی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانە لە گەرووی هورمز. راشیگەیاندووە؛ ئەم ئەرکە پشتگیری ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکات کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئازاد لەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگە تێپەڕن.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "پشتگیریکردنمان بۆ ئەم ئەرکە بەرگرییە بۆ ئاسایشی ناوچەیی و ئابووریی جیهانی پێویستە، لە هەمان کاتدا گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران دەپارێزین کە واشنتن چەند هەفتەیەکە سەپاندوویەتی."
سێنتکۆم روونیکردەوە، پشتگیرییە سەربازییەکە بریتین لە: تێکشکێنەری مووشەکی رێنماییکراو، زیاتر لە 100 فڕۆکەی وشکانی و دەریایی، درۆنی بۆمب رێژکراو و 15 هەزار کارمەندی فریاگوزاری سەربازی. هەروەها وەزارەتی دەرەوە بە هەماهەنگی وەزارەتی جەنگ دەستپێشخەرییەکی نوێیان بۆ هەماهەنگی و گۆڕینەوەی زانیاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان راگەیاندووە.
دوێنێ یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند؛ پڕۆسەکە رۆژی دووشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات و گوتی: "وڵاتانی بێلایەن داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردووە بۆ رزگارکردنی کەشتییە گیرخواردووەکانیان لە گەرووی هورمز." ترەمپ هۆشداریشی دایە ئێران لە رێگری کردن لەم پڕۆسەیە.
لە یەکەم کاردانەوەی ئێرانیشدا، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی شورای ئێران رایگەیاند: "هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە سیستەمی دەریایی نوێی گەرووی هورمز، وەک پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار دەکرێت."