ئێران وەڵامی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ئەمریکا دەداتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ نابێت کەس سەرسام بێت بە لێدوانەکانی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، چونکە ئەو بەردەوام دەستەواژەیەکی دووبارە دەکاتەوە بەبێ ئەوەی راستییەکانی سەر زەوی لەبەرچاو بگرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی 2015 کشایەوە و لەم ساڵەشدا لە کاتی دانوستانەکاندا دەستدرێژی سەربازی کردووەتە سەر ئێران، بۆیە سەرنەکەوتنی پڕۆسەی دیپلۆماسی بۆ رەفتارە خراپەکانی ئەمریکا و هەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.
سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر زیانەکانیان، بەقایی گوتی: "پێویستە خەڵکی ئەمریکا و جیهان لە دەسەڵاتدارانی واشنتن بپرسن چ تاوانێکیان ئەنجامداوە." ئەو رەخنەی لە میدیاکانی رۆژئاوا گرت کە تەنیا باسی لایەنی ئابووریی و سەربازی دەکەن، بەڵام چاوپۆشی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەخلاقی مرۆیی دەکەن، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت.
جەختیشی کردەوە، دەبێت ئەو کەسانەی تاوان دەکەن دژ بە ئێران و ئێرانییەکان، لە دادگا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت دادگاکانی ئەمریکاش دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەربارەی لوبنان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ حزبوڵڵا و بەرگریی لوبنان جێگەی شانازی ئەو وڵاتە و جیهانی عەرەبی و ئیسلامین و بەبێ گومان بەرگریی لە یەکپارچەیی خاک و شکۆی لوبنان دەکەن. سەبارەت بە کێشەی ڤیزا لە نێوان هەردوو وڵات، روونی کردەوە، پێشتر ڤیزا لە نێوانیاندا نەبوو، بەڵام لوبنان بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەو رێککەوتنەی هەڵوەشاندەوە، بۆیە ئێرانیش ڤیزای بۆ هاووڵاتیانی لوبنانی گەڕاندەوە.
گوتیشی: "ئێستا ئاسانکاری زۆر کراوە و ڤیزای خێرا دەدرێت بۆ ئەوەی گەشتیاران تووشی گرفت نەبن و هیوای خواست ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بێت."