ئەکسیۆس: قەتەر بە نهێنی نێوەندگیریی واشنتن و تاران دەکات
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی قەتەر کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دانوستان لەگەڵ ئێران. بەپێی زانیارییەکان، دۆحە لە چەند هەفتەی رابردوودا سەرپەرشتی کەناڵێکی نهێنی دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بارەی کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئایاری 2026، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە شاری واشنتن لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە ستراتیژییە نزیکەکانی نێوان قەتەر و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەردوولا باسیان لە ڕێگەکانی پەرەپێدان و بەهێزکردنی ئەم هاوکاریانە کرد لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە بەشێکی دیدارەکەدا، دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و "هەوڵەکانی نێوەندگیریی پاکستان" بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان تاوتوێ کران. ئامانجی ئەم هەوڵانە بریتییە لە کەمکردنەوەی گرژییەکان بە جۆرێک کە خزمەت بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات.
سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کاتی کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر پێویستیی بەشداریی هەموو لایەنەکان لە هەوڵەکانی نێوەندگیری کردەوە. ئاماژەی بەوەش دا، کە پێویستە لە ڕێگەی ئاشتییانە و دیالۆگەوە ڕیشەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا بەدی بهێنێت.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی ناوچەکە چڕبوونەتەوە و قەتەر وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی دیپلۆماسی ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت.
هەروەها ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی قەتەر، لە کۆشکی سپی لە کۆبوونەوەوە. تەوەرە سەرەکیی دیدارەکە پرسی دانوستانە ئاڵۆزەکانی نێوان واشنتن و تاران بووە.
بەپێی گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بۆ ئەکسیۆس، قەتەر لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا رۆڵێکی ستراتیژی گێڕاوە لە بەڕێوەبردنی "رێڕەوێکی نێوەندگیریی نهێنی" لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی دۆحە بە ئامانجی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیرە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگی ماوەی چەند مانگێکە ناوچەکەی گرتووەتەوە. کۆبوونەوەکەی ڤانس و ئال سانی وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پێشکەوتنانەی کە لە رێگەی ئەم نێوەندگیرییەوە بەدەستهاتوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوباتی رابردوو، هێرشەکانی ئێران تەواو وڵاتانی ناوچەکەی گرتبووەوە و قەتەریش یەکێکی بوو لەو وڵاتانە کە هێرشە مووشەکی درۆنییەکانی تارانی بە ئاراستەی پایتەختی ئەو وڵاتە دەڕۆیشتن.