کوالێتیی گەنمی ئەمساڵی دهۆک زۆر باشە و بڕەکەی نیو ملیۆن تۆن تێدەپەڕێنێت
پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە پارێزگای دهۆک بگاتە زیاتر لە 500 هەزار تۆن. کوالێتیی گەنمەکەش بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر باشترە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 04ـی ئایاری 2026، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، کوالێتیی گەنمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر باشترە؛ چونکە ساڵی رابردوو بەهۆی کەمیی بارانبارینەوە بەرهەمی ناوچەکانی بەردەڕەش و شێخان و سێمێل باش نەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی ناوچە دێمییەکان زۆر باشە و جیاوازییەکی زۆری هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک روونیشی کردەوە، پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە سنووری پارێزگای دهۆک بگاتە سەرووی 500 هەزار تۆن.
لەبارەی کات و شوێنی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک گوتی، "بۆ وەرگرتنی ئەو بەرهەمە، هەر سێ سایلۆی رۆڤیا و شێخان و فەیدیە ئامادە کراون. هاوکات چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی فیدراڵییەوە کاتی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان دیاری بکرێت و چاوەڕێ دەکرێت سەرەتای مانگی داهاتوو بێت".
لەسەر پرسی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، ئەحمەد جەمیل ئەوەشی خستە روو، ئەو بڕەی بەغدا دیاری کردووە تەنیا 292 هەزار تۆنە و ئەمەش لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رەت کراوەتەوە، چونکە بڕیارێکی زانستی و لۆژیکی نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک دڵنیایی بە جووتیاران دا، ئەگەر بەغدا تەواوی بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەرنەگرێت، وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای تایبەت کردووە بۆ ئەوەی گەنمی زیادەی جووتیاران بکڕنەوە.
ئەو بڕەی بەغدا دیاری کردووە رەتکراوەتەوە
وەزارەتی کشتوکاڵ پێشبینی کردووە بۆ وەرزی چاندنی 2025 بۆ 2026، بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، د. زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلانادان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و چاوەڕێ دەکرێت چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە لەمبارەوە بەڕێوەبچن.
د. زێدا محەممەد ئەوەشی خستە روو "ساڵی رابردوو، کە لە رووی کشتوکاڵییەوە بە 'وشکەساڵی' هەژمار کرابوو، 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی گەنم بەهۆی لەبارەی کەشوهەواوە، زیادی کردووە، حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنیا 292 هەزار تۆن وەربگرێت؛ ئەمەش قبووڵکراو نییە".
لەبارەی نرخی گەنمەکەش، ئەو بەرپرسە باسی لەوە کرد، "ئەمساڵ بۆ هەر تۆنێک گەنم 700 هەزار دینار دیاری کراوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو، بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار بوو؛ ئەمەش زیانێکی دیکەیە بەر جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەوێت".