نوێترین لێدوانی ئەمریکا و ئێران لەبارەی گەرووی هورمز

سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی توند ئاراستەی تاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانیان لە چوارچێوەی "پڕۆژەی ئازادی"دا حەوت بەلەمی خێرای ئێرانییان تێکشکاندووە. هاوکات فەرماندەیی سێنتکۆم ئاشکرای دەکات کە کەشتیی 87 وڵات لە ناوچەکەدا جێگیرن و هەوڵی دابینکردنی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ هاتوچۆی بازرگانی دەدەن، لە بەرانبەریشدا ئێران تێکشکاندنی بەلەمەکانی ڕەت دەکاتەوە.

دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد، کە هێزەکانی ئێران لە چوارچێوەی "پڕۆژەی ئازادی"دا (PROJECT FREEDOM) هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی وڵاتانی بێلایەن، لەنێویاندا کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشوور.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کۆریای باشوور بێتە پێشەوە و بچێتە پاڵ ئەرکە سەربازییەکە بۆ پاراستنی کەشتییەکان. گوتیشی: "ئێران هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتانەی هیچ پەیوەندییان بە ململانێکانەوە نییە."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە حەوت بەلەمی بچووک یان "بەلەمە خێراکان"ی ئێران تێکبشکێنن و کە ترەمپ پێی وایە "ئەمە تەنیا ئەو شتەیە کە بۆیان ماوەتەوە." هەروەها دڵنیایی دا کە جگە لە کەشتییە کۆرییەکە، لەم ساتەدا هیچ زیانێکی دیکە لە کاتی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز تۆمار نەکراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد کە بەیانی سبەی چوارشەممە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ و دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام دەدەن بۆ خستنەڕووی وردەکاری زیاتر لەسەر بارودۆخەکە.

ترەمپ: ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەکانمان، دەیان سڕینەوە

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز، هەڕەشەی توندی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و گوتی: "ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئەو کەشتییە ئەمریکییانەی پڕۆژەی ئازادی جێبەجێ دەکەن، ئەوا ئێران لەسەر رووی زەوی دەسڕدرێتەوە."

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، فشارەکان کاریگەرییان هەبووە و "پێموایە ئێران لە دانوستانەکانی ئاشتیدا ئێستا زۆر نەرمتر بووە،

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی ناردنی هێز و کەرەستەی سەربازی بۆ ناوچەکە بەردەوامە و گوتی: "ئێمە ئێستا چەک و تەقەمەنییەکمان هەیە کە ئاست و کوالێتییان زۆر بەرزترە لەوەی پێشتر هەمانبوو. ئێمە خاوەنی باشترین کەرەستەی سەربازین."

ترەمپ باسی لە ئامادەیی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد لەسەر ئاستی جیهان و گوتی: "ئێمە لە هەموو جیهاندا بنکەمان هەیە و هەموویان پڕکراون لە چەک و کەرەستەی نوێ. ئەگەر پێویست بکات، هەموو ئەو هێز و چەکانە بەکاردەهێنین و دوودڵ نابین."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە لوتکە و ئەمریکا ئۆپراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ کردنەوەی رێڕەوە دەریاییەکان دەستپێکردووە.

سێنتکۆم: کەشتییەکانی 87 وڵات لە کەنداون و هەوڵی گواستنەوەی سەلامەتیان دەدەین

براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە "پڕۆژەی ئازادی" ئاشکرای کرد، ئەو کەشتییانەی ئێستا لە کەنداوی عەرەبیدا جێگیر بوون، نوێنەرایەتی 87 وڵاتی جیاوازی جیهان دەکەن. کووپەر ئەو کەشتییانەی وەک "لایەنی بێلایەن و بێتاوان" وەسف کرد کە تەنیا وەک رێبوارێکی بازرگانی لە ناوچەکەدا ئامادەن.

فەرماندەی سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی 12 کاتژمێری رابردوودا پەیوەندییان بە دەیان کەشتی و کۆمپانیای گواستنەوەی دەریاییەوە کردووە بە مەبەستی هاندانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆ لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.

کووپەر جەختی کردەوە کە ئەم هەوڵانەی سێنتکۆم هاوتایە لەگەڵ مەبەست و خواستی سەرۆکی ئەمریکا بۆ یارمەتیدانی رێپیشاندانی کەشتییەکان و دابینکردنی پاراستنی سەلامەت بۆیان لە کاتی تێپەڕبوونیان لەم ڕێڕەوە بازرگانییە تەنگەدا.

ئێران تێکشکاندنی بەلەمە جەنگییەکانی لەلایەن ئەمریکاوە رەت دەکاتەوە

تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، کە تاران ئەو هەواڵانەی رەت کردووەتەوە کە باس لە تێکشکاندنی بەلەمەکانیان دەکەن لەلایەن ئەمریکاوە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە کووپەر رایگەیاندبوو هێزەکانیان شەش بەلەمی ئێرانییان لەناوبردووە.

تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتەوە گواستییەوە: "ئەو بانگەشانەی ئەمریکا کە دەڵێن ژمارەیەک بەلەمی جەنگیی ئێرانیان نوقم کردووە، دوورە لە راستییەوە و هەواڵێکی راست نییە."